شەڕی پارتی و شیعە لە ئەمەریکا؛ "یەکێکیان بە لۆبیکردن و ئەوەکەی تر بە جوڵاندنی سکاڵا تۆمەتبار دەکرێن"
١٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٢٥ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
لایەنە شیعییەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان گومانیان لەیەکتری هەیە بەوەی لە ئەمەریکا لە بەرژەوەندیی یەکتری دەدەن، بەشێوەیەک پارتی لۆبی دژ بەوان دەکات و ئەوانیش لە پشت جووڵاندنی سکاڵاوەن لە دژی پارتی.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەفتەکانی ڕابردوودا گەمارۆ و سزای نوێی بەسەر چەندین کەسایەتی و گرووپی نزیک لە ئێران و بەشێک لە میلیشیا شیعەکانی عێراقدا سەپاند، ئەم دۆخە هێندەی تر لایەنە شیعییەکانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دڵکرمێ کردووە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەمەریکا کە نەیویست ناوی بهێنرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەندێک لایەنی شیعەی عێراقی گومانیان هەیە پارتی ڕۆڵی سەرەکی هەبووبێت لە لۆبیکردن دژیان لە واشنتۆن، بە ئامانجی ئەوەی ناویان بخرێتە لیستی تیرۆری ئەمریکا.
ئەم گومانانە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن بەردەوامە لە فشارەکانی بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق.
سەرچاوەکەی پارتی بە توندی ڕەتیکردەوە کە پارتی "هیچ دەستێکی لەم پرۆسەیەدا هەبووبێت" و جەختی کردەوە: "پارتی بەشێوەیەکی فەرمی ئەم پەیامەی بەلایەنە شیعەکان گەیاندووە."
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و هەندێک لایەنی شیعە، ئاڵۆزە؛ بەشێوەیەک پارتی ئەو لایەنانە بە هێرشکردنە سەر هەولێر و لێدان لە بەرژەوەندییەکانی تۆمەتبار دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکەی پارتی لە ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو سکاڵایانەی ناوەناوە لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی لە دادگاکانی ئەمریکا تۆمار دەکرێن "هاندەری دەرەکیان هەیە و بەشێکن لە هەوڵێکی ڕێکخراو بۆ ناشرینکردنی وێنەی پارتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا."
سەرچاوەکە گومانی ئەوەی خستەڕوو کە هەندێک لایەنی شیعەی عێراقی دەستیان لەم کارەدا هەبێت.
هەفتەی ڕابردوو، "پرۆژەی ڕاپۆرتکردنی تاوان و گەندەڵیی ڕێکخراو" ناسراو بە (OCCRP) کە پرۆژەیەکی ڕۆژنامەوانی بنکۆڵکارییە، ڕاپۆرتێکی لەسەر سامان و موڵکی کوڕەکانی مەسعود بارزانی لە ئەمەریکا، بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە بە بڕی 28 ملیۆن دۆلار موڵک و کڕینی گرانبەها لە ئەمەریکا کڕدراوە، لەنێویاندا کڕینی کۆشکێک لە واشنتۆنی پایتەخت، ئەمەش لەلایەن کۆمپانیا و لایەنی پەیوەست بە پێنج کوڕەکەی مەسعود بارزانییەوە پارەدارکراون و کڕاون.