سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان: سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمجارە بە زیانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنە و دەبوو هاوپەیمانێتییان بکردایە
١٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٠٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان وایدەبینێت سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە قازانجی حزبەکانی دەسەڵات و لە زیانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانە، پێیشیوایە دەبوو لەسەر ئەم بنەمایە هاوپەیەمانێتییان بکردایە.
د. یوسف محەمەد، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دەبووایە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان جۆرێک لە هاوپەیمانێتییان ئەنجام بدایە، بەڵام بەداخەوە لەمڕووەوە بێ پرۆژەن.
دەشڵێت: هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بە سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت، زیان بەو لایەنانە دەگەیەنێت کە لەدەرەوەی پارتی و یەکێتین، چونکە سیستەمەکە لەبەرژەوەندی حزبە گەورەکانە.
بەپێی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو، دەنگەکانی هەر بازنەیەک، سەرەتا دابەشی (1.7) دەکرێت و دواتر (3) و پاشان (5) و بەردەوام دەبێت بە ژمارە تاکەکان. پاش ئەم دابەشکردنە، دەنگی چ لیستێک زۆرتر بوو ئەوا بەوپێیە کورسی بەردەکەوێت.
بەبڕوای د. یوسف محەمەد، ئەگەر لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی هاوپەیمانێتییان بکردایە، ئەوا دەنگەکانیان زیاتر دەبوو و لەکاتی دابەشکردنییدا زۆر کەم نەدەبوو وەک ئەوەی ئێستا بەم لیستە جیایانەی خۆیانەوە لێیان چاوەڕێ دەکرێت.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە 11ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، جگە لە پارتی و یەکێتی، پارتەکانی دیکەی وەکو: نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەریی، بەرەی گەل و سۆسیالیست و چەند لیست و کاندیدێکی سەربەخۆش، بەشدارن.