سودانی: پەیوەندییمان لەگەڵ هەرێم بەرەو باشتر دەڕوات

١٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:١٣ پاش نیوەڕۆ

سودانی: پەیوەندییمان لەگەڵ هەرێم بەرەو باشتر دەڕوات

پەنجەرە

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆشنبیر و کەسایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەکردووە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرەو باشتر ڕۆیشتووە.

سەرچاوەیەک لەکۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیران و ڕۆشنبیرانی هەرێم، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: سودانی وتی دوای ڕێککەوتنی ناردنە دەرەوەی نەوت، پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرەو باشتر ڕۆیشتووە.

لەماوەکانی ڕابردوودا پەیوەندی سودانی و هەرێم گرژی و تێکچوونی بەخۆیەوە بینی، پاش ئەوەی لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە هەناردەکردنی مووچەی دوو مانگی لەسەر یەک ڕاگیرا، بەهۆی نیگەرانیان لەوەی بەوتەی خۆیان هەرێم ئەو ڕێککەوتنانەی کردوویانە جێبەجێ ناکات و نەوت ڕادەست ناکات و داهاتی ناوخۆیی نانێرێت.

سودانی لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا سیاسیی نییە و کراوە بە سیاسیی، بەڵژو وەکوخۆی وتویەتی: "کێشەکە ئیدارییە و حکومەتی هەرێم زیاتر لەوەی دەستوور ڕێگەیداوە، سەربەخۆیانە کاردەکات و ناگەڕێتەوە بۆ ناوەند، تەنانەت لە پرسە سیادییەکانی وەکو نەوتیش دا کە دەسەڵاتی ڕەهای حکومەتی ناوەندە."

سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە و ئەگەری پەککەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرچاوەکە وتی: تا ئێستا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بەڵام هەموو لایەنە عێراقییەکان ترسیان لەوەیە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە چی ڕوودەدات، ئایا هێرش دەکرێتە سەر ئێران یاخود نە، ئەمە پرسێکە و لای لایەنە عێراقییەکانیش جێی گومانە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو