حەلبوسی: لە بەغدا 7 کورسیی زیاتر لە شیعەکان دەهێنین
١٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٢٥ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
لەکاتێکدا دۆخی شیعە لە ناوچەکەدا خراپە و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیلیش لە ئارادایە، حەلبوسی چاوی لە چنینەوەی دەنگی زیاترە و باس لەوەدەکات لە بەغداد 7 کورسیی زیاتر لە شیعەکان دەهێنن.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆکایەتی گەورەترین هاوپەیمانی سوننەکان دەکات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەناوی "تەقەدوم".
ئەو لەکۆبوونەوەیەکی نهێنیدا ڕایگەیاندووە: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە شاری بەغدا، لە شیعە دەبەنەوە.
حەلبوسی باسی لەوەکردووە گەورەترین ئاستەنگ و بەربەست بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر لە بەغدا، بەشدارییکردنی ڕەوتی سەدر بووە، بەڵام کە ئێستا ئەو ڕەوتە بەشداریی ناکات، ئەوان دەنگی زیاتر دەهێنن.
ئەو بە دیارییکراویی وتوویەتی: لەناو شاری بەغدا 7 کورسی زیاتر لە شیعە بەدەستدێنین.
لایەنە شیعەکان ترسیان لەوە هەیە لەناو شاری بەغدا پاشەکشە بکەن و بە ئاشکرا ئەمەیان دەربڕیووە، تەنانەت دروشمی بانگەشەی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم بریتییە لە "لەدەستی مەدەن".