پارتی و یەکێتی لە سێبەری لایەنە عێراقییەکان دا

١٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:٢٨ پاش نیوەڕۆ

پارتی و یەکێتی لە سێبەری لایەنە عێراقییەکان دا

پەنجەرە

پارتی و یەکێتی دەیانەوێت لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە سێبەری حزب و لایەنە عێراقییەکان دا کورسی بهێنن، بۆیە ژمارەیەک کاندیدیان خزاندووەتە نێو لیستە عێراقییەکانەوە.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، ئەو پارەیەی پارتی و یەکێتی بۆ کاندیدەکانیان لە هەرێمی کوردستان خەرجی دەکەن، زۆر کەمترە لەو بڕە پارەیەی بۆ کاندیدەکانیان لەناوچە کێشەلەسەرەکان و بەغدا خەرجی دەکەن.


پارتی لە سێبەری لایەنە عێراقییەکان دا

پارتی دیموکراتی کوردستان دوو کاندیدی لە نێو لیستی "عەزم"ـی موسەنا سامەرائی دا هەیە، کاندیدەکان لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و لە چوارچێوەی ئەو لیستەدا بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن.

پارتی لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین پێگەی لاوازە و لە هیچ هەڵبژاردنێکدا لەو پارێزگایە کورسی پەرلەمانی نەهێناوە، بۆیە دەیەوێت سود لە دەنگەکانی لیستی عەزم وەربگرێت و کاندیدەکانی بە کۆتا سەربخات.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، پارتی پارەیەکی بەرچاوی بۆ سەرخستنی ئەو کاندیدانە تەرخانکردووە، بەوپێیەی ئەگەری دەرچوونیان بە سوودوەرگرتن لە دەنگی لیستەکە هەیە.

جگە لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین، پارتی لە شاری بەغداش پاڵپشتی لیستێکی فەیلییەکان دەکات، کە لیستەکە ژمارەیەکی زۆر کاندیدی هەیە و کاندیدەکان لە پارتییەوە نزیکن.


یەکێتی و یاریکردن لە ڕیزی لایەنە عێراقییەکان

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا و سەڵاحەدین لەگەڵ لیستە عەرەبییەکاندا بەشداری هەڵبژاردنی کردووە، دەیەوێت بە دەنگی ئەو لیستانە کاندیدەکانی سەربخات.

یەکێتی لە بەغدا کاندیدێکی بە ناوی ئایات فەیلی هەیە و لە نێو هاوپەیمانێتییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دا کاندیدە، بەڵام یەکێتی پشتگیری دەکات و دەیەوێت بۆ پەرلەمان سەری بخات.

هەروەها لە پارێزگای سەڵاحەدینیش یەکێتی کاندێدێکی لە نێو لیستەکەی ئەبو مازن، پارێزگاری پێشووی پارێزگاکەدا هەیە، بەو پێیەی جاری پێشوو لەم ڕێگەیەوە کورسییەکی لە پارێزگای سەڵاحەدین بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

لە پارێزگای نەینەواش یەکێتی لەگەڵ لیستی هاوپەیمانی خەڵکی نەینەوا بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی کردووە، پێشتر لەو پارێزگایە دوو کورسی پەرلەمانی بردووەتەوەو ئەمجارە بانگەشەی بەدەستهێنانی کورسی زیاتر دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو