دەستەی مافی مرۆڤ: هونەر ڕەشید ئاغا هێشتا دادگایی نەکراوە
١٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٠٥ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
دوای ئەوەی پەنجەرە دوێنێ بڵاویکردەوە کە دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی هونەر ڕەشید ئاغای کردووە لە گرتووخانەی ئاسایشی هەولێر، بەڵام ئاشکرای نەکردووە، ئەمڕۆ دەستەکە لەوبارەیەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەنراوی دەستەکەدا هاتووە: "ڕاوێژکاری دەستە- ڕامان مەجید، سەردانی هونەر رەشیدی کرد لەگرتوخانەی ئاسایشی هەولێر، لەنزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ کرد و دەربارەی کەیسەکەی و باری تەندروستی و شوێنی حەوانەوەی.
دەشڵێت: هونەر ڕەشید داوا دەکات بەزوویی کەیسەکەی یەکلابێتەوە چونکە تاوەکو ئێستا دادگایی نەکراوە.
سەبارەت بەو هەواڵەش کە هاوسەرەکەی بڵاویکردبووەوە کەبارەی ئەوەی بەچەقۆ لە هونەر ڕەشید دراوە، دەستەکە لەسەر زاری ناوبراوەوە دەڵێت: ڕووداوەکە پێشتر بووە و هی ئێستا نییە، هاوکات لەلایەن زیندانییەکی ترەوە لێیدراوە نەک ئیدارەی گرتوخانەکە.
دەشڵێت: "ئاماژەشی بەوە داوە کە بارودۆخ و خواردن و شوێنی حەوانەوەی باشەو ڕازییە لەمامەڵەی ستافی ئیداریی و چاودێرانی گرتوخانەکە."
هونەر ڕشید ئاغا، ماوەیەک لەڕێگەی ڤیدیۆوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێرشی دەکردە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی، بەوهۆیەوە ماوەیەک هەڵهات بۆ سلێمانی، پاش ماوەیەک گەڕایەوە هەولێر و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا و لەو ساتەوە دەستبەسەرە.