له‌ عێراق و كوردستان ئۆتۆمبیلی چینی پێش به‌ ئۆتۆمبیلی ئه‌مه‌ریكی ده‌داته‌وه‌

١٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:١٦ پاش نیوەڕۆ

له‌ عێراق و كوردستان ئۆتۆمبیلی چینی پێش به‌ ئۆتۆمبیلی ئه‌مه‌ریكی ده‌داته‌وه‌

په‌نجه‌ره‌

لە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بازاڕی ئۆتۆمبێلی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، خواست لەسەر ئۆتۆمبێلە چینییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، لەکاتێکدا هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

ئەندازیار مه‌نار عوبه‌یدیی، شارەزای بواری ئۆتۆمبێل، لە پۆستێکدا له‌ په‌ڕه‌ى خۆی له‌ فه‌یسبوك ئاشكراى كردووه‌: "هەناردەی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی بۆ عێراق خراپترین دابەزینی لە چەند ساڵی ڕابردوودا تۆمار کردووە، بە جۆرێک لە تەموزی 2025ـدا 594 ئۆتۆمبێلی تێپەڕ نەکردووە، لە کاتێکدا لە شوباتی هەمان ساڵدا 2850 ئۆتۆمبێل بووە."

ناوبراو هۆکاری ئەم دابەزینە خێرایەی گەڕاندەوە بۆ "فراوانبوونی بەرچاوی ئۆتۆمبێلە چینییەکان کە ئێستا بەشێکی گەورەی بازاڕی عێراقیان داگیرکردووە."

له‌وباره‌وه‌ ڕوونیكرده‌وه‌: "ژمارەی ئۆتۆمبێلە چینییەکان کە ڕاستەوخۆ لە چینەوە بۆ عێراق هەناردە کراون، لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی 22 هەزار ئۆتۆمبێل، لە بەرامبەر تەنها 14 هەزار ئۆتۆمبێل لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پاشەکشەیەکی مانگانەی بەردەوامە لە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی."

بە پێی زانیارییەکانی عوبه‌یدیی، تێکڕای هاوردەی عێراق لە ئۆتۆمبێلی ئەمریکی لە پار ساڵدا زیاتر بووه‌ له‌ پێرار، به‌ڵام ئه‌مساڵ دۆخه‌كه‌ جیاوازه‌ و پاشه‌كشه‌كه‌ به‌رچاوه‌.

به‌ڕای ئه‌و ئه‌ندازیاره‌،  كه‌می و گونجاویی نرخ، فرەچەشنی تایبەتمەندییەکان و ئاسانبوونی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی چاککردنەوە و پارچە یەدەگەکان، له‌و هۆكارانه‌ن كه‌ بره‌ویان به‌ ئۆتۆمبیلی چینی له‌ عێراق داوه‌ و خواستى له‌سه‌ر زۆر بووه‌.

ئه‌م زیادبوونه‌ش هاوكاته‌ به‌ پلانێكى وه‌زاره‌تى بازرگانى، به‌مه‌به‌ستى هێنانى كۆمپانیای چینی بۆ عێراق له‌ بوارى دروستكردنی "تجمیع" ئۆتۆمبیلدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو