ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم؛ تەنانەت فشارەکانی دەسەڵاتیش یەکینەخستن 

١٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٣٨ پاش نیوەڕۆ

ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم؛ تەنانەت فشارەکانی دەسەڵاتیش یەکینەخستن 

پەنجەرە

فشاری لایەنە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر ئەو لایەنانەی وەکو ئۆپۆزسیۆن لێیان دەڕوانرێت، نەبووەتە هۆی لەیەکتری نزیککردنەوەیان و هەرلایەنە و بەجیا کار بۆ خۆی دەکات.

پەرتەوازەیی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک، تەنانەت ئەوکاتەی سەرکردەکانیشیان دەستگیردەکرێت و فشاری زیاتر دەخرێتە سەریان، هیچ لایەنێک پاڵپشتی لایەنەکەی تر ناکات.
 

ئۆپۆزسیۆن و ماڵ جیایی

سەرکردەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دان بەوەدا دەنێن، پەرتەوازەو ناتەبان و هۆکاری ناتەباییان دەگەڕێننەوە بۆ لێکدانەوە و پێشخستنی بەرژەوەندی بچووک.

ئەوان دەڵێن، بوونی هەڵوێست لە بەرەی خەڵک و داکۆکیکردن لە کێشەکانی خەڵک لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆنەکردووەتەوە.

لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر دیزاینکردنی دەرەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش یەک ڕا نەبوون، لەکاتێکدا کۆمەڵی دادگەریی بایکۆتی چونە پەرلەمانی کرد، لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆن یان چوونە پەرلەمان، یان بێدەنگییان هەڵبژارد.

تەنانەت کاتێک لە مانگی ئابی ئەمساڵ پەرەسەندنە سیاسییەکان زیاتر بوون و سەرۆکی هەریەکە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بەرەی گەل دەستگیرکران، لایەنەکانی تر وەکو لایەنی ناڕازی لە دەسەڵات، خاوەندارێتیکردنی دۆسیەی ئەو دوو سەرکردەیەیان لە ئەستۆ نەگرت، بەڵکو وەکو دۆسیەی یاسایی و ناکۆکی نێو یەک حزب لێیان ڕوانی.  

نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەلی 2 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان 1 کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، بەم پێیە ئەو لایەنانە خاوەنی 32 کورسی پەرلەمانین.

جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە چاوەڕوان دەکرێت پێکەوە حکومەتی هەرێم پێکبهێنن، پێشبینی دەکرێت پێکهاتەکان کە خاوەنی 5 کورسی پەرلەمان و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان کە خاوەنی یەک کورسی پەرلەمانە، بەشداری لە حکومەت دا بکەن.


ئۆپۆزسیۆن و بێ پرۆژەیی

لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی جۆرێک لە نزیکبوونەوە لە نێوانیان دا ڕوویداوە، بەڵام هیچ هەماهەنگییەک لەنێوان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکاندا نییە، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستانیش ئەمە بە گرفت دەزانێت.

د.یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دەبووایە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان جۆرێک لە هاوپەیمانێتییان ئەنجام بدایە، بەڵام بەداخەوە بێ پرۆژەن.

پێشتر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هەوڵیاندا پێکەوە بەرەیەکی سیاسی فراوان دروست بکەن، بەڵام دوای ئەنجامدانی چەندین دانیشتن هەوڵەکانیان شکستی هێنا.

د. یوسف، پێیوایە کاریگەرییەکانی نەبوونی هاوپەیمانێتی و لێکتێگەیشتن لەنێو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا زیاتر دەردەکەوێت.

وتی: یاسای هەڵبژاردن و سیستەمی سانتلیگۆ زیان بەو لایەنانە دەگەیەنێت کە لەدەرەوەی پارتی و یەکێتین، چونکە سیستەمەکە لەبەرژەوەندی حزبە گەورەکانە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو