"ئەو کەسەی موڵکەکانی چاڤیلاندی کڕی هێشتا پەیوەندی بە کۆمپانیای چاڤییەوە نەکردووە"
١٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٤:٢٢ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نالیا ئاشکرایکرد، کۆمپانیای چاڤی سەرپەرشتی چاڤیلاند دەکات و هیچ گۆڕانکارییەک ڕووینەداوە، ستافی کۆمپانیاکە وەکو پێشتر ئیش و کارەکانیان ڕایی دەکەن.
سەرچاوەکەی کۆمپانیای نالیا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو کەسەی گوایە لەبری قەرزەکان ژمارەیەک موڵکی لە نێو جاڤیلاند کڕیووە، هێشتا پەیوەندی بە کۆمپانیای چاڤییەوە نەکردووە.
مانگی ڕابردوو، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ژمارەیەک موڵکی چاڤیلاند فرۆشرا، گوایە کڕیارەکە ناوی ئاکام حەسەنە.
وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم موڵکەکانی چاڤیلاندی لە بری ئەو قەرزە فروشت کە لای شاسوار عەبدولواحیدە و بڕەکەی بە ٩١ ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.
سەرچاوەکەی نالیا دەڵێت: کۆمپانیای چاڤی بەپێی یاسا کاری خۆی دەکات، ئەو کەسەش گوایە موڵکەکانی کڕیووە دەبێت پەیوەندی بە کۆمپانیاکەوە بکات و پێکەوە گفتووگۆ بکەن.