گرژییەکانی نێو سۆشیالیست سەریهەڵدایەوە؛ پەنجەرە هۆکارەکەی بڵاو دەکاتەوە
١٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:٥٧ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتی پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد، ئەمشەو لە گوندی گوڵەخانەی شارەزوور گرژی لە نێوان هێزەکانی محەمەدی حاجی مەحمود و لایەنگرانی عەبدوڵای برای سەریهەڵداوەتەوە.
سەرچاوەکەی سەرکرایەتی پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەمشەو لیوا سەڵاح عەلی فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سۆشیالیست گەڕاوەتەوە بۆ نێو ماڵەکەی خۆی لە نێوان گوندی گوڵەخانە و گوندی قەدەفەری، بەڵام محەمەدی حاجی مەحمود هێزی بۆ ناردووە و دەریکردووە.
هاوسەری لیوا سەڵاح عەلی خوشکی باوکیی محەمەدی حاجی مەحمودە، بەڵام لە باوک و دایکەوە خوشکی عەبدوڵای حاجی مەحمودە، هەروەها لیوا سەڵاحیش نزیکە لە عەبدوڵای حاجی مەحمودەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت: دوای بارگرژییەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای، لیوا سەڵاح خانوەکەی بەجێهێشتووە، ئەمشەو کە گەڕاوەتەوە محەمەدی حاجی مەحمود هێزی بۆ ناردووە و دەریکردووە.