لەسەر ئاستی عێراق هەولێر زۆرترین پێشێلکاریی هەڵبژاردنی تێدا تۆمارکراوە
١٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٤٧ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی هاوپەیمانی تۆڕ و ڕێکخراوەکان بۆ چاودێریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمەوە لە 3 تا 15ـی ئەم مانگە، 309 پێشێلکاریی تۆمارکراوە، کە هەولێر لە پێشەوەی پارێزگاکانە لە تۆمارکردنی پێشێلکاریی.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بڵاوترین سێ پێشلکاریی تۆمارکراو، دڕین و لادانی پۆستەر و فلێکسی بانگەشە بووە کە 126 حاڵەت بووە، بەدوای ئەویشدا بەکارهێنانی فەرمانگە و دەزگا گشتی و فەرمییەکانە بۆ بانگەشە کە 85 حاڵەت بووە، لە پلەی سێیەمیشدا بانگەشی پێشوەختە دێت کە 46 حاڵەتە، بەدوای ئەوانیشدا پێشێلکاریی دیکە دێت.
لەئاستی عێراقدا، ڕیزبەندی پێشێلکارییە تۆمارکراوەکان بەمشێوەیەن: هەولێر (57 حاڵەت)، نەینەوا (53 حاڵەت)، بەسرە (50 حاڵەت)، سلێمانی (24 حاڵەت)، ئەنبار (21 حاڵەت)، کەرکوک (20 حاڵەت)، بەغداد (15 حاڵەت)، میسان (14 حاڵەت)، دهۆک (14 حاڵەت) و سەڵاحەدین (10 حاڵەت).
لەسەر ئاستی هەرێمیشدا، بەربڵاوترین جۆری پێشێلکارییە تۆماتکراوەکان بریتیین لە: گوتاری ڕقلێبوونەوە، جیاکاریی لەنێوان لایەنەکان، بەکارهێنانی حکومەت و دەستکەوتە حکومییەکان وەکو بانگەشە، بەکارهێنانی شوێنی گشتی بۆ بانگەشە، بانگەشەی پێشوەختە، دڕین و لێکردنەوەی پۆستەر و فلێکسی بانگەشە.