عومرە؛ لە ئەرکی ئاینییەوە بۆ بازرگانی نایاسایی
١٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٥٢ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
بەشێک لە خاوەن کۆمپانیاکانی عومرەکردنی عێراق تۆمەتبار دەکرێت بە ئەنجامدانی بازرگانی نایاسایی، هەر ئەمەش بە هۆکاری ڕێگریکردنی سعودیە دادەنرێت لە ڕۆیشتنی چەندین قافڵەی عومرەکاری عێراقی لە مانگەکانی ڕابردوودا.
بازرگانییەکی مەترسیدار
عومرەکاران بە دڵێکی "پاک" و بە ئامانجی زیاترەتکردن، ڕوو لە سعودیە دەکەن، بێ ئاگا لەوەی بەشێک لە خاوەن کۆمپانیاکان یاخود ئەو کەسانەی بازرگانی نایاسایی دەکەن گەشتەکەیان بۆ بازرگانی نایاسایی دەقۆزنەوە.
لەچەند مانگی ڕابردوودا، سعودیە دەستی گرت بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا، کە بازرگانەکان لە ڕێگەی گەشتی عومرەکارانەوە بردبوویانە ئەو وڵاتە و ئەمەش وایکرد ڕێوشوێنەکان توندتر بکرێنەوە.
عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لەنێو یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی عومرەکاندا دەستمان بەسەر دوو کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گرت.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، ماددەی هۆشبەر لەناوچەکانی عێراقەوە بۆ سعودیە دزەی پێکراوە.
خاوەن کۆمپانیایەکی عومرەکردن کە کوردە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەوانەی ماددەیهۆشبەریان بردبووە سعودیە خەڵکی پارێزگای عەمارە بوون.
لە مادەی هۆشبەرەوە بۆ جگەرە و کحول
خاوەن کۆمپانیایەکی عومرەکردن کە کوردە، ئاماژەبەوەدەکات بەشێک لە بازرگانەکان کە خاوەن کۆمپانیاشیان تێدایە، بازرگانی جگەرە و تەنانەت ماددە کحولییەکانیش دەکەن.
خاوەن کۆمپانیاکە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەندێک خەڵکی خراپ جگەرە دەهێنن بۆ سعودیە، چونکە نرخی جگەرە لەو وڵاتە زۆر گرانە و قازانجێکی زۆریان دەستدەکەوێت.
دەشڵێت: لێرە تەکێک جگەرە بە 5 بۆ 10 هەزار دینار دەکڕن، بەڵام لە سعودیە بە 70 هەزار دەیفرۆشن.
نرخی جگەرە لە سعودیە گرانە، بەو پێیەی ئەو وڵاتە بایەخی بە کوالێتی کۆنترۆڵ داوە و ڕێگە نادات جگەرەی بێ کوالێتی ببرێتە وڵاتەکەی، لەکاتێکدا دۆخەکە لە عێراق جیاوازترە.
خاوەن کۆمپانیاکە دەڵێت: ئێستا سعودیە ڕێوشوێنی توندی گرتووەتەبەر و بە ئاسانی ناتوانرێت جگەرە، ماددەی هۆشبەر و کحول ببرێتە ئەو وڵاتە.