سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بۆ پەنجەرە: ناوماڵی شیعە زۆر بەخراپی دابەشبووە و بارودۆخ لەبار نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن
١٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٤٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراقی ئاشکرای دەکات بارودۆخی عێراق لەبار نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ناوماڵی شیعە زۆر بە خراپیی دابەش بووە، دەشڵێت: ئەگەر پرۆسەکەش ئەنجام بدرێت تەمەنی حکومەتی داهاتوو بۆ ماوەی یەک ساڵ دەبێت.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ماڵی شیعە زۆر بە خراپی دابەشبووە، مەزهەبییەکان ئینتیمایان بۆ ئێران و لیبڕاڵەکان بۆ ئەمەریکا، هەروەها ڕەوتی سەدریش بەجیا یاری دەکات.
دەشڵێت: هەرگیز نێو ماڵی شیعە وەکو ئێستا پەرت و خراپ نەبووە، بۆیە دۆخەکە لەبار نییە بۆ هەڵبژاردن، بەتایبەت ئێستا جێبەجێکارانی ئەجێندای ئەمەریکا، ئێران، تورکیا و وڵاتانی کەنداو بەجیا لەنێو گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەکەن.
بەوتەی سەرچاوەکە، هەرچەندە ئێران و ئەمەریکا لە زۆر ڕووەوە ناکۆک و دوور لەیەکن، بەڵام لەسەر دۆخی عێراق جۆرێک نزیکبوونەوە لەنێوانیاندا ڕوویداوە.
لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە کە بارودۆخ گونجاو نییە بۆ هەڵبژاردن، ئەگەر هەڵبژاردنەکەش ئەنجام بدرێت ئەوا حکومەتی داهاتوو زۆر بەردەوام نابێت و ساڵێک بەردەوام دەبێت.