بزووتنەوەی گۆڕان؛ لە لوتکەوە بۆ سەرەمەرگ و شەڕ لەسەر میراتەکەی
١٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٥١ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا، بزووتنەوەی گۆڕان تەنها یەک کورسی لە کۆی 95 کورسی پەرلەمان بەدەستهێنا، بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانیشیەوە ڕێگەی پێنەدرا بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بکات.
لاوازبوونی پێگەی بزووتنەوەی گۆڕان لەکاتێکدایە، پێشتر ڕکابەری دوو حزبە حوکمڕانەکەی هەرێمی کوردستانی دەکرد و بانگەشەی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دەکرد.
لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2009، بزووتنەوەی گۆڕان 445 هەزار و 24 دەنگی بەدەستهێنا، بەمەش 25 کورسی پەرلەمانی بردەوە، لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی کە ڕکابەری گۆڕانیان دەکرد و بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کرد 59 کورسییان بەدەستهێنا.
دوای تێپەڕیبوونی 16 ساڵ بەسەر دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان دا، ژمارەی کورسییەکانی گۆڕان لە 25 کورسییەوە بۆ یەک کورسی کەمیکرد، لە کاتێکدا پارتی و یەکێتی 59 کورسییەکەیان گەیاندە 60 کورسی.
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: کێشە ناوخۆییەکان هۆکاری لاوازبوونی گۆڕان بوو، بەڵام وڵاتانی ئیقلیمیش ڕۆڵیان هەبوو لە دژایەتی گۆڕان و گۆڕانیان پێ کۆنترۆڵ نەدەکرا.
نەوشیروان مستەفا، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە ساڵی 2009 بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند دوای ئەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ یەکێتی تەقییەوە، ئەوکات ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی پاڵپشتی خۆیان بۆ نەوشیروان مستەفا ڕاگەیاند.
لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی کورسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ 24 کورسی دابەزی، بەڵام لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەنجامدرا، ژمارەی کورسییەکانی گۆڕان بۆ 12 کورسی کەمیکرد.
عومەر محەمەد، چاودێری سیاسی و یەکێک لەو کەسایەتیانەی پێشتر پاڵپشتی بزووتنەوەی گۆڕانی کردووە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "شتێک نەبوو بە ناوی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵکو کەسێک هەبوو بە ناوی نەوشیروان مستەفا. دوای نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەکەی کۆتایی هات، چونکە خەڵک دوای نەوشیروان مستەفا کەوت نەک گۆڕان."
ئەو دەڵێت: خەڵک هیوای لەسەر نەوشیروان مستەفا هەڵچنیبوو، ئەگینا گۆڕان بزووتنەوەیەکی بێ سەرووبەر بوو، نەوشیروان مستەفا ڕۆیشت و عاقیبەتی گۆڕان بەمڕۆژە گەیشت کە دەیبینین.
لە سەردەمی دامەزراندنی گۆڕان دا، هەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەریی، حزبی سۆسیالیست و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، پێکەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان لە ساڵی 2009 کرد و لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازییان هەبوو، ئەوکات 13 کورسییان بەدەستهێنا.
بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2009، یەکگرتووی ئیسلامی ئەوکات 6 کورسی هێناو ئێستا بووە خاوەنی 7 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 4 کورسی و ئێستاش 3 کورسیی هەیە، هەروەها حزبی سۆسیالیستیش تەنها کورسییەکەی خۆی بەدەستهێناوەتەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2021، ژمارەی دەنگەکانی گەیشتە 22 هەزار و 91 یەک دەنگ و هیچ کورسییەکی نەهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی 10ـی 2024، تەنها 11 هەزارو 627 دەنگی هێنا و تەنها یەک کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کرد.
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەو هێزانەی لە دوای لاوازبوونی بزووتنەوەی گۆڕان دروستبوون بە تایبەت نەوەی نوێ و ڕەوتی هەڵوێست کە پێکەوە 19 کورسی پەرلەمانی کوردستانیان بەدەستهێناوە، شەڕ لەسەر میراتی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن.
سەرکردەکەی گۆڕان دەڵێت: ڕوونە دەنگەکانی گۆڕان بۆ ئەو هێزانە ڕۆیشت کە تازە دروست بوون.
ئێستا ئەوەشی لە میراتی بزوتنەوەکەدا ماوەتەوە، دابەشبوون و پەرتبوونە، بەشێوەیەک جگە لەوەی بزوتنەوەکە زۆر کادیر و هەوادار و دەنگدەری لێ تەکییەوە، هاوکات ناوخۆی خۆیشی تووشی پەرتبوون و دابەشبوون هاتووە و تەنانەت وەک یەک حزبیش نەماوەتەوە، بەڵکو بووە بە 2 ئاراستە (ئاراستەی گردی زەرگەتە بەسەرۆکایەتی کوڕانی نەوشیروان مستەفا و ئاراستەی کوردسات بەسەرۆکایەتی دانا ئەحمەد مەجید).