یەکێتی گۆڕەپانی کەمینەکان بۆ پارتی و شیوعی و کلدانیی جێدێڵێت

١٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٥:٤٣ پاش نیوەڕۆ

یەکێتی گۆڕەپانی کەمینەکان بۆ پارتی و شیوعی و کلدانیی جێدێڵێت
پارتی و شیوعی و بابلیون

پەنجەرە

لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا ڕکابەرییەکی چڕ لە نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر کورسی پێکهاتەکان ڕوویدا، بەڵام ئەمجارە یەکێتی گۆڕەپانەکەی چۆڵکردووە و ڕکابەرییەکە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی شیوعی و بزووتنەوەی بابلیۆندایە.

دابەشبوونی کورسی پێکهاتەکان لە هەرێم

لەکۆی 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان، 5 کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکان دانرابوو، دوو کورسی لە سلێمانی و سێ کورسی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.

مونا قەهوەچی، کاندیدی تورکمان لە پارێزگای هەولێر 3 هەزار و 664 دەنگی بەدەستهێنا و کورسییە کۆتاکەی تورکمانی لەو پارێزگایە بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

رامی نوری، کاندیدی کریستیان لە بازنەی هەولێر 6 هەزار و 752 دەنگی بەدەستهێنا و کورسی کۆتای کریستیانی لەو بازنەیە بردەوە. هەروەها جیمس حەسدۆ لە ڕێگەی بەدەستهێنانی 5 هەزار و 553 دەنگ تاکە کورسییەکەی کریستیانی لە بازنەی دهۆک بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

کورسی کۆتای کریستیانەکان لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن دانا ئامانجەوە بەدەستهێنرا کە 6 هەزار و 200 دەنگی بەدەستهێنابوو.

هەروەها نەجدەت نوری، کاندیدی تورکمان لە بازنەی سلێمانی 5 هەزار و 660 دەنگی بەدەستهێنا و کورسی تورکمانەکانی لەم پارێزگایە بردەوە.

پێکهاتەکان و هاوکێشەی نوێ

لەکۆی 329 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، 9 کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان دانراوە و دوو لەو کورسییانە دەکەوێتە سنوری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە.

پێکهاتەی مەسیحی پێنج کورسی کۆتای بۆ دانراوە، دوو کورسی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، سێ کورسییەکەی تر لە پارێزگاکانی بەغدا، کەرکوک و نەینەوا.

هەروەها یەک کورسی کۆتا لە نەینەوا بۆ ئێزدی و کورسییەکیش بۆ شەبەک، لە پارێزگای کەرکوکیش کورسییەک بۆ سابیئەی مەندائی و لە پارێزگای واستیش کورسییەک بۆ کوردی فەیلی دانراوە. بەڵام لە عێراق کۆتا بۆ تورکمان نییە.

بۆ دوو کورسییە کۆتاکەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەریەک لە پارتی، حزبی شیوعی و بزووتنەوەی بابلیۆن، پاڵپشتی کاندیدی نزیک لە خۆیان دەکەن، بەو پێیەی لە تەواوی عێراق دا دەتوانرێت دەنگ بۆکاندیدی کۆتاکان بدرێت.

لەم نێوەندەشدا یەکێتی کە پێشتر شەڕی کورسی پێکهاتەکانی دەکرد و توانی بە فشارەکانی 2 لە 5 کورسییەکەی پێکهاتەکان بخاتە سنووری سلێمانی و بەدەستیان بێنێت، بۆ ئەم هەڵبژاردنە لەو کێبڕکێیە کشاوەتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو