ئایا پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشێنرێتەوە؟
١٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:٥٥ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادار لە کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەی فەرمی نێوان یەکێتی و پارتیدا باسی ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نەکراوە.
سەرچاوە باڵاکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ڕەنگە لە کۆبوونەوەی نافەرمی و لا بە لا، باسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرابێت، بەڵام ئەمە فەرمی نییە.
سەرچاوەکە دەڵێت: بەپێچەوانەوە، ڕەنگە یەکێتی و پارتی دوای هەڵبژاردن لەسەر پۆستەکانی هەرێم و بەغدا بەیەک پاکێج ڕێکبکەون، حکومەتیش پێکدەهێنن، مەگەر دۆخی عێراق گۆڕانکاری گەورەی تێدا ڕوو بدات.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، ئەگەرێکی دوورە.
پێشتر دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بڵاوکرایەوە، هاوکات عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریش، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی کرد.