ههڵبژاردن لهنێو ترسدا؛ هەموو لایەنە عێراقییهكان ترسیان لە بارودۆخەکە هەیە
١٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:١٥ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
لەکاتێکدا 22 ڕۆژی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام دۆخی عێراق ئاڵۆزە و هێشتا زۆرێك له لایهنهكان گومانیان لە بارودۆخەکە هەیە، بەوپێیەی عێراق بە بارودۆخێکی دژواردا تێپەڕ دەبێت.
پەرتەوازەیی لایەنە شیعەکان
ماڵی شیعە بە جۆرێک دابەشبووە لەدوای ڕووخانی بەعسەوە وێنەی نەبووە، چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی هەڵبژاردن پەیوەندی نێوان لایەنە شیعەکان ئاڵۆزتر بکات.
عەدنان حەمید، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ناو ماڵی شیعە بە تەواوەتی پەرت بووە، ئەجێندای دەرەکیش تێکەڵ بە ناکۆکییە ناوخۆییەکان بووە.
لەئێستا ڕەوتی سەدر لە دەرەوەی گۆڕەپانی سیاسی عێراقە و خوازیارە هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، ئەمە جگە لەوەی ناکۆکی نێوان سەرۆکوەزیران و نوری مالکیش بەتەواوەتی قوڵ بووەتەوە.
عەدنان حەمید دەڵێت: ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ڕەنگە تەمەنی حکومەتی داهاتوو تەنها ساڵێک بێت.
ئەجێندای دەرەکی
لەئێستادا ئەمەریکا دەیەوێت هەڵبژاردن ببێتە وێستگەیەک بۆ لاوازبوونی هەژموونی ئێران و دروستبوونی حکومەتێکی بەهێز، لەکاتێکدا ئێران لە ڕێگەی هێزە نزیکەکانیەوە کار بۆ مانەوەی باڵا دەستی خۆی دەکات.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئێستا جگە لە ئەمەریکا و ئێران و تورکیا، وڵاتانی کەنداویش بوون بە بەشێک لە ململانێکانی عێراق.
دەشڵێت: ئەمەریکا ڕازی نابێت سەرۆکوەزیرانی داهاتوو نزیک بێت لە ئێران، ئەگەر هەڵبژاردن نەبێتە هۆی گۆڕانی نەخشەی سیاسی پێدەچێت ئەمەریکا هەڵوێست وەربگرێت.
تهونى ئاڵۆزییهكان
لەکاتێکدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ عێراق لە وادەی هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە، بەڵام کوشتن و تەقەکردن لە کاندیدەکان خەریکە دەبێتە دیاردە، کاندیدێکی هاوپەیمانێتی سیادە کوژرا و تەقە لەکاندیدێکی تریش کرا.
سەرچاوە سیاسییەکەی بەغدا دەڵێت: ئێستا مەترسی شەڕی ئێران و ئیسرائیل و کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن کەمبووەتەوە، بەڵام ئاڵۆزی ناوخۆ و ناکۆکی لایەنەکان بوون بە مایەی مەترسی.
هەرچەندە پەیوەندی نێوان لایەنەکان خراپە و دۆخی عێراق تا ئەندازەیەک ئاڵۆزە، بەڵام کۆمیسیۆن بەردەوامە لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، سهركردهیهكى عهرهبی سونهش پێیوایه ههڵبژاردن ئهنجام دهدرێت.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سونە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و ئاڵۆزییەکان کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە نابێت.