لە بازرگانی حەشیشەوە بۆ دیپلۆماسییەت! چیرۆکی نێردراوەکەی ترەمپ بۆ عێراق

٢٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٥٦ پاش نیوەڕۆ

لە بازرگانی حەشیشەوە بۆ دیپلۆماسییەت! چیرۆکی نێردراوەکەی ترەمپ بۆ عێراق

پەنجەرە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دیسانەوە سەرساممان دەکات، کاتێک دوێنێ یەکشەممە، بە شێوازە تایبەتەکەی خۆی لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیال"، ڕایگەیاند کە مارک ساڤایای کردووەتە نێردراوی تایبەتی خۆی بۆ کۆماری عێراق. ئەم هەواڵە نەک تەنها گرنگییەکی نوێ بە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا دەدات، بەڵکو پرسیارێکی گەورەش دەوروژێنێت: ئایا چۆن بازرگانێکی سەرکەوتووی بواری حەشیش "ماریوانا"ـی یاسایی، دەبێتە نوێنەری سەرۆکێک بۆ وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

لە پشت پۆستەکەی ترەمپەوە

ترەمپ لە بڵاوکراوەکەیدا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ستایشی ساڤایای کردووە و نووسیویەتی: "تێگەیشتنی قووڵی مارک لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمەریکا."

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی زۆرینەیە، جەختکردنەوەی ترەمپە لەسەر ڕۆڵی ساڤایا لە کەمپەینی هەڵبژاردنیدا لە ویلایەتی میشیگان، بە تایبەت لە هاندانی دەنگدەرانی موسڵمانی ئەمەریکی و بەدەستهێنانی "ڕێژەیەکی پێوانەیی دەنگ."

هەر ئەمەشە هۆکاری دەستنیشانکردنەکەی، ئەگینا باکگراوەندی ئەم کلدانییە ئاوارەیەی ئەمەریکا لەبواری کاری سیاسی و بەتایبەتی دیپلۆماسی، زۆر هەژارانەیە، بە پێچەوانەی باکگراوەندە بازرگانییەکەیەوە.

لە حەشیشەوە بۆ دیپلۆماسی!

مارک ساڤایا، کەسایەتییەکی ناسراوە لە ناوچەی دیتڕۆیت، میشیگان. ئەو کە بە ڕەچەڵەک کلدانیی عێراقییە، یەکێکە لەو خاوەنکارە سەرکەوتووانەی کە قۆناغی نوێی بازرگانیی حەشیشی یاسایی لە ئەمەریکادا دروست کردووە. 

ساڤایا دامەزرێنەری کۆمپانیای (Leaf & Bud)ـە، کە لە دابەشکردنی حەشیشی پزیشکی و یاسایی لە دیتڕۆیت کار دەکات.

ئەم خاڵە جێگەی گومان و پێکەنینە لە هەمان کاتدا، بەوەی چۆن کەسێک کە ئەزموونی سەرەکیی بازرگانیی لە بواری حەشیشدا هەیە، دەبێتە نێردراوی تایبەتی سەرۆکێک بۆ وڵاتێک وەک عێراق، کە یاساکانی زۆر بە توندی دژی ماددە هۆشبەرەکان دەوەستنەوە؟

ئەگەر ئەمە دەلالەتێک بدات، ئەوا ئەوەیە کە ترەمپ بە دوای کەسانی دڵسۆز و کاریگەردا دەگەڕێت، نەک بە پێوەرە دیپلۆماسییە باوەکان.

لە بواری سیاسیدا، ساڤایا وەک یەکێک لە "گەورە پیاوەکانی ترەمپ" وەسف دەکرێت. ئەو نەک تەنها پاڵپشتی دارایی کەمپەینەکانی پێشووی ترەمپی کردووە، بەڵکو پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵیدا هەیە، بە جۆرێک چەندین جار لەگەڵیدا کۆبووەتەوە و وێنەکانیشی لەگەڵ ترەمپ و ئەندامانی کابینەکەی لە سۆشیال میدیادا بڵاوکردووەتەوە.

دیپلۆماسییەت یان پاداشتی سیاسی؟

دیاریکردنی ساڤایا وەک نێردراوی تایبەتی، جیاوازە لە پۆستی باڵیۆز و پێویستی بە پەسەندکردنی کۆنگرێس نییە. ئەمە ڕێگەیەکە ترەمپ زۆر بەکاریهێناوە بۆ خەڵاتکردنی دۆستەکانی. 

شیکەرەوە سیاسییەکانی ئەمەریکا پێیانوایە، ئەمە پاداشتێکە بۆ ئەو پاڵپشتییە گەورەیەی ساڤایا لە کەمپەینی هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ـدا پێشکەشی کردووە. ترەمپ بە تایبەتی ئاماژەی بە ڕۆڵی ساڤایا لە هاندانی دەنگدەرانی موسڵمانی ئەمەریکی لە میشیگاندا کرد، کە ویلایەتێکی سەرەکییە لە هەڵبژاردنەکاندا و کۆمەڵگەی عەرەبی و موسڵمانی کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە.

دیاریکردنی ساڤایا، دووبارە نیشانی دەدات کە لە سەردەمی ترەمپدا، دیپلۆماسییەت دەکرێت ببێتە گۆڕەپانێکی نوێ بۆ کەسانی نادیپلۆمات، بە مەرجێک دڵسۆزییان بۆ سەرۆک سەلماندبێت.

پرسیارەکە لێرەدایە: ئایا ئەزموونی ساڤایا لە بازرگانیی حەشیش و کارکردنی لە کەمپینی هەڵبژاردندا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکی ئاڵۆزی دیپلۆماسی لە وڵاتێکی وەک عێراق؟ ئایا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ترەمپ و توانای هاندانی دەنگدەران، وەک "تێگەیشتنی قووڵ" لە کاروباری عێراق هەژمار دەکرێت؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو