یەکێتی و پارتی قورسایی خۆیان بۆ نێو کوردانی فەیلی دەگوێزنەوە

٢٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٥٨ پاش نیوەڕۆ

یەکێتی و پارتی قورسایی خۆیان بۆ نێو کوردانی فەیلی دەگوێزنەوە

پەنجەرە

لەکاتێکدا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، لایەنە کوردییەکان گۆڕەپانی کوردانی فەیلییان بۆ لایەنە شیعەکان بەجێهێشتووە، بەڵام ئەو لایەنانە لە ئێستادا بەچڕی پشتگیری دوو کاندیدی کوردی فەیلی لەبەغدا دەکەن.

یەکێتی پشتگیری 'ئایات فەیلی' دەکات کە کاندیدە لە لیستەکەی سودانی و هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ سەرخستنی، هەروەها پارتیش پاڵپشتی 'حەیدەر عەلی' دەکات، کە ناوبراو خەڵکی پارێزگای واستە و ئێستا کارگێڕی لقی بەغدای ئەو حزبەیە.

بەرپرسێکی کورد لە شاری بەغدا کە خۆی فەیلییە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: یەکێتی و پارتی لە ساڵانی ڕابردوودا هێندە کوردی فەیلییان پشتگوێ خستبوو، گومان هەبوو بەڕێککەوتن گۆڕەپانەکەیان بۆ لایەنە شیعەکان بەجێهێشتبێت.

دەشڵێت: ئێستا ئەو دوو لایەنە کوردییە بەچڕی ئیش لەناو کوردی فەیلیدا دەکەن، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کورسی لەبەغدا بەدەست بهێنن.

پارتی لەڕێگەی لقی بەغدا و ئۆرگانە حزبییەکانیەوە، یەکێتیش لەڕێگەی سکرتارییەتی تاڵەبانی و مەڵبەندی بەغداوە، هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ بەدەستهێنانی کورسی لەبەغدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو