کورد لە عێراق؛ لەشەڕی بەشە بودجەوە بۆ شەڕی موچەی مانگانە
٢٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:١٨ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
لەکاتێکدا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، نوێنەرانی کورد لە عێراق شەڕی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەڵام ئێستا شاند لە دوای شاند ڕەوانەی بەغدا دەکەن بۆ داواکردنی موچەی مانگێک یاخود دوو مانگ.
لە یاسای بودجەی عێراق دا لە ساڵی 2005، ڕێژەی 17% ی بودجەی عێراق وەکو پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکرابوو، بەڵام دواتر پشکە بودجەی هەرێم بۆ 12.67 کەمکرایەوە.
لە ئێستادا نەک پشکە بودجەکە نانێردرێت بەڵکو ناردنی موچەی مانگێک هاتووچۆکردنی چەند شاندێکی دەوێت.
محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەردوولا لەسەر ناردنە دەرەوەی نەوت ڕێککەوتوون و کێشەی گەورە لە ئارادا نییە، کەچی تا ئێستا موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێم لەبەغداوە ڕەوانە نەکراوە.
دەشڵێت: بەرپرسانی هەرێم و بەغدا بۆ ناردنی موچە ڕۆژ و هەفتە بەڕێدەکەن، کەچی لەواقیعیشدا موچە نادرێت.
لە مانگی 11 ی 2024، پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجامدرا و بەپێی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی کورد لە عێراق نزیکەی 14% بوو، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەنجامدانی سەرژمێریش بۆ ئەوەیە بکرێتە بنەمای داڕشتنەوەی بودجە.
سەرباری زیادکردنی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، بەڵام نەک بەشە بودجەکەی زیاد نەکرا بەڵکو چارەنوسی موچەی مانگانەی موچەخۆرانیشی نادیارە و هێشتا گرفتی موچە چارەسەر نەکراوە.
محەمەد حسێن دەڵێت: ڕەنگە سەرژمێری گشتی بۆ داڕشتنەوەی یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو کاری پێبکرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکانی هەرێم لەسەر ناردنە دەرەوەی نەوت ڕێککەوتن، هەروەها لەسەر ڕادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی یەکلا بوونەتەوە، بەڵام نە هەرێم 120 ملیارەکەی ناردووە و نە عێراقیش موچەی موچەخۆرانی ڕەوانە کردووە.
ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هیچ گرفتێک بۆ ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دروست نەبووە، ناردنی موچە لەسەر کات وەستاوە و بەمزووانە ڕەوانە دەکرێت.