ئەندامێکی داواکاری گشتی: حیزب کاریگەریی بەسەر دەسەڵاتی دادوەرییەوە هەیە

٢٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٢٠ پاش نیوەڕۆ

ئەندامێکی داواکاری گشتی: حیزب کاریگەریی بەسەر دەسەڵاتی دادوەرییەوە هەیە

پەنجەرە

ئەندامێکی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حیزب کاریگەریی بەسەر دەسەڵاتی دادوەرییەوە هەیە، جا کاریگەرییەکە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە خەڵک بۆیە گلەیی دەکات، چونکە ئەم ڕاستییە دەزانێت.

دادوەر: بورهان ئەحمەد، جێگری داواکاری گشتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بەپێی یاسا و دەستور نابێت هیچ دەسەڵاتێک لەسەرووی دەسەڵاتی دادگاوە بێت، بەڵام خەڵک ئەو ڕاستییە دەزانێت کە تەنانەت دەسەڵاتە یاساییەکانیش لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حزبی دابەشکراون.

کاتێک ناکۆکی لە نێوان یەکێتی و پارتی یاخود حزبەکانی تر دروست دەبێت لەسەر دۆسیە یاساییە ناکۆکی لەسەرەکانی نێوانیان، بەرپرسانی ئەو حزبانە بەئاشکرا بێ متمانەیی خۆیان بەرامبەر دەسەڵاتی یاسایی لە هەرێمی کوردستان پیشان دەدەن.

دادوەر: بورهان ئەحمەد، دەڵێت: هەمووان دان بەوەدا دەنێن لە واقیعی ئێستادا دادگا نەیتوانیووە بەتەواوەتی سەربەخۆ بێت، ڕەنگە لە خوارەوە و لە دۆسیە ئاساییەکاندا دەستوەردان نەکرێت، بەڵام لە دۆسیە قورسەکاندا دەستوەردان دەکرێت.

پێشتر دادوەر: ناز نوری، سەرۆکی پێشووی داواکاری گشتی سلێمانی، یاسای بە "درۆ" ناوبرد، دواتر کێشە لەنێوان ئەم دادوەرە و سەرۆکایەتی دادگای سلێمانیدا ڕوویدا و ڕوونکردنەوەیان لەسەر قسەکانی یەکتری بڵاوکردەوە.

دادوەر: بورهان ئەحمەد، وتی: کاتێک ناکۆکی لەنێوان بەرپرسانی باڵای حیزبەکاندا دروست دەبێت، دان بەوەدا دەنێن دادگا نەیتوانیووە وەکو پێویست سەربەخۆ بێت، جاری واش هەیە بە ئاشکرا بێ متمانەیی خۆیان بەرامبەر بە دادگاکانی سنوری یەکتری پیشان دەدەن، ئەمە حەقیقەتێکە لە زاری خۆیانەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو