سەرباری قەدەغەکردنی هێشتا "سەنگەر گواستنەوە" لەناو هێزی پێشمەرگەدا بەردەوامە
٢٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٠٨ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
هەرچەندە بەپێی فەرمانێکی وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "سەنگەر گواستنەوە" لە نێو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەدا قەدەغە کراوە، بەڵام فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگە دەڵێت بەرژەوەندی کەسی لەپشت سەنگەر گواستنەوەوە هەیە و بەئاسانی ڕێگەی پێناگیرێت.
لەڕۆژی 12ـی مانگی 11ـی 2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم بە نوسراوی فەرمی سەنگەر گواستنەوەی قەدەغە کرد و دیاردەکەی بە"قێزەون" وەسفکرد.
مەبەست لە سەنگەر گواستنەوە، ئەوەیە کە ئەفسەرێکی سەر بە پارتی یان یەکێتی ببێت بە لایەنەکی تر لەبەرامبەر گواستنەوەی بۆ یەکەی تر یان پێدانی ئیمتیاز و بەرپرسیارییەتی.
لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەی وەزیری پێشمەرگەدا هاتبوو: بەهۆی سەرهەڵدانی ئەم دیاردە ناشرین و نا نیشتمانییە لەچەند یەکەیەکی دیاریکراودا، ئاگاداری تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە و فەرماندەکانی دەکەینەوە هەر حاڵەتێک لەم شێوەیە ڕووبدات، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکەینەوە.
سەرباری ئەم فەرمانە ڕوون و ڕاشکاوە، بەڵام وتەی فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگە، هێشتا حاڵەتەکە بەردەوامە، ئەگەرچی کەم بووەتەوە.
فەرماندەکە کە نەیویست ئاماژە بەناوی بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: راستە بەبڕیاری فەرمی سەنگەر گواستنەوە لە پێشمەرگە قەدەغە کراوە و ئەم دیاردەیە وەک جاران زۆر هەستی پێناکرێت.
دەشڵێت: بەڵام سەنگەر گواستنەوە بەرژەوەندیی کەسیی لە پشتە، بۆیە کۆنترۆڵکردنی بەتەواوەتی قورسە و ڕەنگە لەهەموو جێگەیەک بەنهێنی بوونی هەبێت.