سەرۆکی ڕێکخراوی هیوا بۆ پەنجەرە: ژمارەیەکی زۆر کچی منداڵ لەژێر کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا شویان کردووە
٢٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٠٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرۆکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی ئاشکرایکرد، بەشودانی کچان لە تەمەنی منداڵیدا کێشەیەکی گەورەی بۆ دروستکردوون، خستنە بواری جێبەجێکردنی یاسای جەعفەریش کێشەکانیان گەورەتر و قوڵتر دەکاتەوە.
سرود ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی کچی قوتابخانە ناوەندییەکانی کەرکوک بەشو دراون و جیا بوونەتەوە، ئەمەش گرفتێکی گەورەیە و بەرۆکی گرتوون.
دەشڵێت: ناکرێت کچە خوێندکاری ناوەندی کە تەنها 13 بۆ 14 ساڵ تەمەنیەتی بەشوو بدرێت و جیاش ببێتەوە، بەتایبەت بەشێک لەو کچانە باوکیان لە ڕووداوە جۆراو جۆرەکاندا لەدەستداوە.
بەپێی وتەی سەرۆکی ڕێکخراوی هیوا، لەمەودوا کێشەکانیان قوڵتر و گەورەتر دەبێتەوە، بەو پێیەی یاسای جەعفەری خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ڕێگە بە کچی منداڵ دەدات ژیانی هاوسەرگیری پێکبهێنێت.
سرود ئەحمەد وتی: زۆرێک لەو کچانە لەژێر کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا هاوسەرگیرییان ئەنجامداوە، بەڵام دواتر هاوسەرگیرییەکانیان شکستی هێناوە.
ڕێکخراوی هیوای عێراقی، ڕێکخراوێکی ناحکومییە و بەرگری لەو کچ و ژنانە دەکات کە توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، هەروەها ڕاوێژی یاسایی و کۆمەڵایەتی پێشکەش بە ژنان و کچان دەکات.