سەرچاوەیەکی حکومی بۆ پەنجەرە: گەمارۆکانی سەر ئێران کاریگەرییان لەسەر دەروازە سنورییەکان دەبێت
٢٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:١٠ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
تائێستا کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی ئاگادار نەکردووەتەوە لە کاریگەری گەمارۆ ئابوورییەکانی سەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام هەندێک لە بەرپرسانی هەرێم زانیاری نافەرمییان لەوبارەیەوە دەستخستووە.
بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بەرپرسانی ئێران لەبارەی کاریگەری گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر جموجۆڵی بازرگانی هیچیان نەوتووە، بەڵام خۆمان لە ڕێگەی بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە زانیاریمان دەستکەوتووە.
دەشڵێت: ئەو کارگە ئێرانییانەی کە کەرەستە خام و بنەڕەتییەکانیان لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ دەهێنرێت، لەچەند مانگی داهاتوودا دووچاری گرفت دەبن، ئەگەر ئێران کێشەکە چارەسەر نەکات پێشبینی لەکارکەوتنی 20% ی کارگەکانی دەکرێت.
بەپێی وتەی بەرپرسەکە، بەشێک لەو کاڵا و شمەکانی لە ئێرانەوە هاوردەی عێراق و هەرێم دەکرێن، ئەگەر کارگەکانیان لە ئێران دووچاری گرفت ببێت، ئەوا قەبارەی هاوردەکردن کەم دەبێتەوە.