ئێران بە حکومەتی هەرێمدا هۆشداریی بۆ حزبەکانی ڕۆژهەڵات دەنێرێت
٢١ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٣٥ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرکردەیەکی یەکێک لە حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایکرد، لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە نیگەرانییەکانی ئێران ئاگادار کراونەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی هەندێک جموجۆڵی میدیاییان هەبووە.
سەرکردەکەی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دەسەڵاتدارانی ئێران بە حکومەتی هەرێمدا هۆشدارییان بۆ ناردووین، بەوەی جموجۆڵەکانمان دەستپێنەکەینەوە.
لایخۆشییەوە، خەلیل نادریی، وتەبێژی پارتی ئازادیی کوردستان، جەختی لەم زانیارییەی سەرچاوەکەی پەنجەرە کردەوە.
ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت کە ئێران پێیوایە حزبەکانی ڕۆژهەڵات جموجۆڵیان زیاتر بووە بەتایبەتی لەبواری میدیایی، ئەمەش هاوکات بەو دەنگۆیانەی کە لە ئارادان لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئەو وڵاتە.
بەوتەی سەرچاوەکە، بەڵێنیان بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوە کاری چەکداری ناکەن "وتومانە هێز نانێرینەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەگەر هێز بنێرینەوە کاتێک دەینێرین، جارێکی تر ئەو هێزانە نەگەڕێنەوە."