"پاکیی هەڵبژاردنیان لاگرنگە"؛ نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی لایەنە عێراقی و کوردییەکان دەکەن
٢١ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٤٨ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، پەیامی ئەوەیان پێدەگەیەنن هەڵبژاردن بەلای ئەوانەوە گرنگە، لەوەش گرنگتر بەڕێوەچوونێتی بە پاکیی.
سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەی نێوان یەکێک لەلایەنەکان و وەفدی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: وەفدی نەتەوە یەکگرتووەکان بە لایەنەکانیان وتووە، چاودێریی هەڵبژاردن دەکەن و بەڕێوەچوونی پرۆسەکەیان بەپاکیی بەلاوە گرنگە.
وتیشی: باسیان لەوەشکردووە ڕێکاری پێویست گیراوەتەبەر لەنمونەی ئەوەی کاغەزی دەنگدان لە ئیمارات چاپکراوە و سێ کۆمپانیای کۆری و ئیسپانی و ئەڵمانییش سەرپەرشتی و چاودێریی لایەنی تەکنیکی هەڵبژاردن دەکەن.
داواشیان کردووە لایەنەکان بە بەرپرسیارێتییەوە بچنە نێو پرۆسەکەوە.