عێراق لەبەردەم قەیرانی ئابووریدا؛ یەکێک لە چارەسەرەکان دابەزاندنی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار
٢٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٤:٠٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخی نەوت دا پێشبینی دەکرێت عێراق دووچاری قەیرانی گەورەی دارایی ببێت، شارەزایەکی بواری ئابووریش دەڵێت عێراق سێ ڕێگە چارەی بۆ دەربازبوون لەقەیرانەکە لە بەردەمدایە و هەر سێ ڕێگەکە زیانی گەورەی بۆ خەڵک دەبێت.
ئەو نەوتەی ڕۆژانە عێراق هەناردەی دەرەوەی دەکات دەبێت بەرمیلی بە 84 دۆلار بفرۆشێت بۆ ئەوەی داهاتی نەوت بەشی هەموو خەرجییەکانی بکات، بەڵام ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ کەمتر لە 65 دۆلار دابەزیووە.
محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: عێراق سێ ڕێگەی بۆ دەرچوون لە قەیرانی دارایی لەبەردەمدایە و ئێستا دەستی بۆ ڕێگەی یەکەم بردووە، ئەویش قەرز کردنە لە بانکە ئەهلییە ناوخۆییەکان کە ساڵانە بەڕێژەی 8 بۆ 10% سود دەچێتە سەر قەرزەکە.
دەشڵێت: ڕێگەی دووەم کە ڕەنگە عێراق دەستی بۆ بەرێت دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقییە لەبەرامبەر دۆلاردا و پێشتر ئەم کارەی کردووە، هەروەها ڕێگەی سێهەم خەرجکردنی پارەیە لە دراو و ئاڵتونە یەدەگەکانی ئەمەریکایە.
بەپێی وتەی شارەزا ئابوورییەکە، پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو عێراق دووچاری قەیرانی دارایی گەورە ببێت، دابەزاندن بەهای دیناری عێراق و خەرجکردنی پارە لە یەدەگی عێراق بەزیانی خەڵک دەشکێتەوە.