"خەزێنە خاڵی و گیرفان پڕ"؛ لایەنەکان بە پارەی خەڵک ململانێی یەکتری دەکەن
٢٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
حزب و لایەنە عێراقی و کوردییەکان قورساییەکی گەورەیان خستووەتە سەر بودجەی هەولێر و بەغدا، لەکاتێکدا ماوەی 10 ساڵە قەیرانی دارایی بەرۆکی هەرێمی گرتووە و دابەزینی نرخی نەوت خەریکە عێراقیش دووچاری هەمان قەیران دەکات.
حزب و سیاسییەکان؛ سەرچاوەی قەیرانن
گەورەترین گرفت کە بەرۆکی دانیشتوانی عێراق و هەرێمی گرتووە ئەوەیە، سیاسەت پارەی زۆر دەوێت و هەموو ئەو بودجەیەش کە حزب و لایەنەکان بۆ کێبڕکێی یەکتری تەرخانی دەکەن، سەرچاوەکەی بودجەی گشتییە.
کێبڕکێی لایەنەکان و سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردن پرۆسەیەکی بە خەرجییە، هەروەها دەنگهێنان و ڕازیکردنی خەڵکیش هەر بودجەی گەورەی گەرەکە.
بەڕای شارەزایانی بواری سیاسی، جۆری حوکمڕانی لە عێراق و هەرێم پێویستی بە خەرجی و چەکدار و دامەزراندنی زۆرە، بۆیە لەئەگەری گرفتاربوونی عێراق بە قەیرانی دارایی بارە قورسەکە دەخرێتە سەر شانی خەڵک وخزمەتگوزاریی گران دەکرێت.
بەپێی داتاکی کۆمپانیای مێتا کە خاوەندارێتی تۆڕەکانی فەیسبوک، ئینستاگرام و وەتسئەپ دەکات، لەماوەی 30 ڕۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دا نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلار لەلایەن لایەن و کاندیدەکانەوە بۆ پۆستی سیاسی خەرجکراوە.
ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن سیاسی و کاندیدەکانەوە بۆ پۆستی سۆشیال میدیا خەرج کراوە، زۆر کەمترە لەو بڕە پارەیەی کە لایەنەکان بۆ کڕینی دەنگ و جۆرەکانی تری بانگەشە بەکاری دەهێنن، کە بڕەکەی بە دەیان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
خەرجی لایەنە سیاسییەکان لەسەر بودجەی گشتی عێراق و هەرێم تەنها بەو بڕە پارەوە ناوەستێت کە لەکاتی هەڵبژاردن دا بۆ کڕینی دەنگ و بانگەشە بەکاری دەهێنن، بەڵکو ئەو حزبانە خاوەنی هەزاران چەکدار و لایەنگرن و مانگانە ملیۆنەها دۆلاری بودجەی گشتییان بۆ خەرج دەکرێت.
عێراق و هەرێم بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە حزب و سیاسییەکانی دەوڵەمەند و حکومەتەکانیان گرفتاری دەست قەیرانن، لەکاتێکدا سەرچاوەی پارەی حزب و سیاسییەکان بودجەی گشتی وڵاتە.
داهاتی عێراق و هەرێم بە پلەی یەکەم پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، لەکاتێکدا نرخی نەوت ڕووی لە دابەزین کردووە، بۆیە پێناچێت حزب و سیاسییەکان دەستبەرداری قاسەی گشتی ببن و دواجار تۆپەکە بەسەر میللەت دا دەشکێنرێتەوە.
نەوت شادەماری ئابووری عێراق و هەرێم
لە ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخی نەوت دا پێشبینی دەکرێت عێراق دووچاری قەیرانی گەورەی دارایی ببێت، لەکاتێکدا ماوەی 11 ساڵە هەرێم لە قەیراندایە، بەڵام قەیرانەکە کاریگەری لەسەر حزب و سیاسییەکان نەبووە.
ئەو نەوتەی ڕۆژانە عێراق هەناردەی دەرەوەی دەکات دەبێت بەرمیلی بە 84 دۆلار بفرۆشێت بۆ ئەوەی داهاتی نەوت بەشی هەموو خەرجییەکانی بکات، بەڵام ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ کەمتر لە 65 دۆلار دابەزیووە.
دابەزینی نرخی نەوت و گرفتاربوونی عێراق بە قەیران نابێتە هۆی دەستبەرداربوونی حزب و سیاسییەکان لە خەزێنەی گشتی، بەڵکو گرانبوونی نرخی کاڵا و شمەکی لێدەکەوێتەوە و دواجار زەرەرمەندی سەرەکی خەڵک دەبێت.
محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: عێراق سێ ڕێگەی بۆ دەرچوون لە قەیرانی دارایی لەبەردەمدایە و ئێستا دەستی بۆ ڕێگەی یەکەم بردووە، ئەویش قەرزکردنە لە بانکە ئەهلییە ناوخۆییەکان کە ساڵانە بەڕێژەی 8 بۆ 10% سوو دەچێتە سەر قەرزەکە.
دەشڵێت: ڕێگەی دووەم کە ڕەنگە عێراق دەستی بۆ بەرێت، دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقییە لەبەرامبەر دۆلاردا و پێشتر ئەم کارەی کردووە، هەروەها ڕێگەی سێهەم خەرجکردنی پارەیە لە دراو و ئاڵتونە یەدەگەکانی لە ئەمەریکا.
بەپێی وتەی شارەزا ئابوورییەکە، پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو عێراق دووچاری قەیرانی دارایی گەورە بێت، دابەزاندن بەهای دیناری عێراقی و خەرجکردنی پارە لە یەدەگی عێراق بەزیانی خەڵک دەشکێتەوە.
بەپێی خەمڵاندنی ئابووریناسان، لە ئەگەری دابەزینی یەک دۆلار نرخی بەرمیلێک نەوت، عێراق ساڵانە ملیارێک و 225 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات، خۆ ئەگەر نرخی نەوت زیاتر دابەزێت ئەوا قەبارەی زیانەکە بۆ عێراق قورستتر دەبێت.