ئەدهەم بارزانی؛ لە دامەزراندنی ڕەوتێکی نوێوە بۆ بانگەشەکردن بۆ یەکێتی
٢٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٣٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەدهەم بارزانی، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەکاتی هەڵمەتی بانگەشەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دا لە قەزای پێنجوێن دەرکەوت، لە کاتێکدا پێشتر هەوڵیدا ڕەوتێکی سیاسی دابمەزرێنێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
ئەو ڕەوتەی بڕیاربوو ئەدهەم بارزانی دایبمەزرێنێت ناوی "هێڵی سێیەم" بوو، بەشێک لە دامەزرێنەرەکانی لەدەرەوەی وڵات بوون، بەڵام پێش لەدایکبوونی، ناکۆکی بووە هۆی مراندنی ڕەوتەکە.
پێشتر وریا ڕەواندزی، وتەبێژی هێڵی سێیەم، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو: ڕەوتەکەیان بە سەرۆکایەتی ئەدهەم بارزانی دەبێت و چەقی قورسایی سیاسیشیان سلێمانی و کەرکوک دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، دوای ئەوەی ئەدهەم بارزانی پشتگیری یەکێتی کرد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا، ئەمەش توڕەیی ئەندامانی ڕەوتەکەی لێکەوتەوە و بووە هۆی شکستهێنانی لەدایکبووونی ڕەوتە نوێیەکە.
ئەگەر ئەدهەم بارزانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بەنهێنی پشتگیریی یەکێتی کردبێت، بەڵام لە ئێستادا بە ئاشکرا پشتگیریی ئەو حزبە دەکات و بەشداریی کەمپەینی هەڵبژاردنی کرد.