"به‌رژه‌وه‌ندیی یان بێده‌سه‌ڵاتى؟" نهێنی بێده‌نگیی عێراق له‌ئاست سنوربه‌زاندنه‌كانى توركیا

٢٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٥٣ پاش نیوەڕۆ

"به‌رژه‌وه‌ندیی یان بێده‌سه‌ڵاتى؟" نهێنی بێده‌نگیی عێراق له‌ئاست سنوربه‌زاندنه‌كانى توركیا

په‌نجه‌ره‌

حکومەتی عێراق بێدەنگی هەڵبژاردووە بەرامبەر جموجۆڵە فراوانەکانی سوپای تورکیا لەناوچە شاخاوییەکانی بادینان، بەشێک لە بەرپرسان هۆکارەکەی بۆ ڕازیبوونی عێراق بە جوڵەکانی تورکیا و بەشێکی تر پێیانوایە عێراق توانای ڕاگرتنی تورکیای نییە.

پێشتر تورکیا لە ڕێگەی ئاسمانیەوە هاوکاری دەگەیاندە بارەگاکانی لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم، بەڵام لە ئێستادا بەڕێگەی وشکانی و بە بێ ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێم و عێراق ئەو کارە دەکات.

جموجۆڵەکانی سوپای تورکیا فراوانتر بوون، بە پێی وتەی ڕیکخراوی CPTـى  ئەمەریکی، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو دا 12 خاڵ و بنکەی سەربازییان دروستکردووە و شوێنی فڕین و نیشتنەوەی هیلۆکپەریشیان بۆ ئەو بنکانە بونیادناوە، ئەمە جگە لەوەی لە ڕێگەی بارهەڵگرەوە داری ناوچە شاخاوییەکان بۆ تورکیا دەگوێزنەوە.

فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک توێژەر و ڕۆشنبیری کورد، ڕایگەیاندووە: عێراق توانای بەرەنگاربوونەوەی وڵاتانی دراوسێی نییە، بۆیە دەبێت لەڕێگەی سیاسەتی نەرمەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

هەرێمی کوردستان لە ڕووی یاسایی، سەربازیی و نێودەوڵەتییەوە ناتوانێت ڕێگری لە جوڵەی سوپای تورکیا بکات، ئەمە جگە لەوەی زۆرجار بەرپرسانی هەرێم بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکرێن و ئەوانیش پەنجەی تۆمەت بۆ پەکەکە درێژ دەکەن گوایە پاساویان داوەتە دەست تورکیاوە.

بە پێی ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان ئێران، عێراق و تورکیا، هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق لە سنورەکان جێگیرکراون، بەڵام ئەو هێزانە نەیانتوانیووە سنور بۆ جموجۆڵی سوپای تورکیا دابنێن.

 بە ڕای جەباری یاوەر عێراق "بێ هەڵوێستە" و هۆکارەکەشی "بەرژەوەندیی" نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، جەباری یاوەر، ئەمینداری پێشووى وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: ئەو هێزانەی ئێستا لەسەرتاسەری سنورەکانی هەرێم و تورکیا و ئێران جێگیر کراون سەر بە هێزی پاسەوانی سنورن کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن، بەڵام عێراق خۆی بێدەنگ کردووە لەئاست ئۆپەراسیۆن و جموجوڵەکانی هێزەکانی تورکیا کە ئەمە پێشێلکردنی سیادەی عێراقە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو