كوالێتى پهرلهمانى كوردستان؛ خول به خول خۆزگهم به پێشتر
٢٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٢١ پاش نیوەڕۆ
پهنجهره
دوای تێپەڕبوونی 33 ساڵ له دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان، چاودێران دەڵێن خول لە دوای خول ئاستی پەرلەمان و ئەدای دامەزراوەکە لاوازتر بووە.
لە 19/5/1992 بەبەشداری نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەر کە نوێنەرایەتی زیاتر لە 3 ملیۆن و نیو هاوڵاتی دەکرد، هەڵبژاردن بۆ خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و پەرلەمان بەسەرۆکایەتی جەوهەر نامیق سالم پێکهێنرا.
بەپێی راپۆرتەکانی ئینستتیوتی پەی کە چاودێری کاروبارەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات، خول لە دوای خول ڕێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتییان لە دەنگدان دا کەمیکردووە، بە شێوەیەک لە خولی یەکەمی پەرلەمان دا 85%ـی هاوڵاتییان دەنگیانداوە، لە کاتێکدا لە خولەکانی دواتر ڕێژەکە بۆ 75% و دواتر زۆر کەمتر دابەزیووە.
رەجەب عاسی، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی پێیوایە، هۆکاری دابەزینی ئاستی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم دا نەمانی متمانە و نائومێدبوونی خەڵکە بە پەرلەمان.
ئهو بە پەنجەرەی وت: هەڵبژاردن کاریگەریی نەبووە لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک، هەموو جارێکیش سەقفی داواکارییەکانی خەڵک بەرز دەکرێتەوە و دەیان بەڵێنیان پێدەدرێت، کەچی دۆخەکە خراپتر دەبێت، تا وایلێهاتووە هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن رێژەی بەشداری کردن کەم دەبێتەوە.
بەپێی راپۆرتەکانی ئینستتیوتی پەی، لە خولەکانی رابردووی پەرلەمانی کوردستاندا ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانە زیاتربوون کە پسپۆڕییان لەبوارە جیاجیاکان دا هەبووە، بەراورد بە خولەکانی دواتری پەرلەمان.
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دا لیژنەی دارایی هیچ پسپۆرییەکی ئابووری تێدا نەبوو، ئەمە جگە لەوەی لیژنەکانی ئەندازیاری و ئاوەدانکردنەوە و شارەوانی پێویستییان بەئەندازیارە، لە کاتێکدا هیچ ئەندامێکی پەرلەمان لەو خولەدا پسپۆڕی لەبواری ئەندازیاریدا نەبووە.
ئەندامانی لیژنەی یاسایی لەخولی سێیەمی پەرلەمان دا دادوەر و یاساناس بوون، لەکاتێکدا ئەوانەی خولی پێنجەم دەرچووی کۆلێژی یاسا بوون. هەروەها لیژنەی دارایی لە خولی سێیەم سەرۆکەکەی پرۆفیسۆری ئابووری بوو، کەچی سەرۆکی لیژنەی ئابووری لەخولی پێنجەم پسپۆڕی ڕاگەیاندن بوو!
هەربەپێی راپۆرتەکەی ئینستتیوتی پەی بۆ چاودێری کاروبارەکانی پەرلەمان، خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان زۆر چالاکتربووە لە خولی پێنجەمی پەرلەمان.
چاودێران پێیانوایە خولی سێیەمی پەرلەمان لەوانەی دوای خۆی چالاکتر بووە، هۆکارەکەشی دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار ئۆپۆزسیۆنێکی کارا چووەتە نێو پەرلەمان و پەرلەمانی کاراتر کردووە، هەروەها کوالێتی پەرلەمانتارانی خولێ سێیەم لەڕووی پسپۆرییەوە بەرزتربووە تا خولەکانی دواتر.
بەشێک لەوانەی لە پەرلەماندا کاریان کردووە پێیانوایە، بەهۆی کەمی ئەزموونی سیاسی لە هەرێم، ئەندامانی پەرلەمان نەیانتوانیوە لە ژێر هەژموونی حیزب دەربچن.
رەجەب عاسی، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی، دەڵێت: حزبەکان بە ویستی خۆیان هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن، نەک هەر چوارساڵ جارێک وەکو نەریتە یاساییەکە ئەنجام بدرێت.