ئەمەریکا پاڵپشتی هیندستان دەکات لەبەرامبەر چین؛ ئایا سەردەمی هیند لە کوردستان دەستپێدەکات؟
٣٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هیندستان بەشێوەیەکی زۆر خێرا هەنگاو بۆ نێو گۆڕەپانی ململانێ نێودەوڵەتییەکان دەنێت، ئەمەریکا و ئەوروپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی "زیادەڕۆیی" چین پاڵپشتی لێدەکەن، بەڵام پرۆژە هندییەکە بە خاکی کورددا تێپەڕ ناکات.
هاتنی هیندستان بۆ نێو گۆڕەپانەکە
هیندستان لە بواری ئایتی و ژیریی دەستکرددا هەنگاوی گەورەی ناوە و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە بەشێک لە ململانێی نێوان چین و ئەمەریکا، بەتایبەت ئەمەریکا و ئەوروپا پاڵپشتی لێدەکەن.
پێش ڕوودانی شەڕی غەززە و سەرقاڵبوونی ئەمەریکا بەو شەڕەوە، وڵاتانی "جی 20" کۆبوونەوە و بڕیاریان دا بە دروستکردنی هێڵێکی وشکانی-ئاوی لە هیندستانەوە بۆ ئەوروپا.
هێڵەکە بە هێڵی "بەهارات" ناسراوە و پرۆژەیەکی ستراتیژی گرنگە بۆ بەستنەوەی هیند بە ئەوروپاوە، کە لە هیندستانەوە بۆ ئیمارات و لەوێشەوە بۆ سعودیە، پاشان بۆ یۆنان و قوبرس و لەوێوە بۆ ئەوروپا.
ئیسرائیل ڕاستەوخۆ بەشێک نەبوو لە هێڵەکە، ئەگەرچی لێی دانەبڕاوە و سودمەند دەبێت لێی، پرۆژەکە لەلایەن ئەمەریکا و ئەوروپاوە پاڵپشتی لێدەکرێت.
د.سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پرۆژەکە بەهۆی شەڕی غەززەوە وەستاوە، بەڵام ڕەنگە دواتر بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وتیشی: پرۆژەکە بەشێکە لە بەرنامەی ئەمەریکا بۆ بەستنەوەی هیندستان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپاوە، تا لەم ڕێگەیە کێبڕکێی چینی پێ بکات.
تورکیا خراوەتە دەرەەی پرۆژەکە
هێڵی "بەهارات" کە هێڵێکی گرنگی بەستنەوەی هیندستانەوە بە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتەوە، بەڵام تورکیای لێ بێبەشکراوە و ئەمەش ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە، بۆیە کار بۆ ڕێگەی "گەشە" دەکات.
بەڕای چاودێران، ئەگەر تورکیا بۆی بچێتەسەر، دژایەتی هێڵی "بەهارات" دەکات، بەو پێیەی مێژوویەکی خراپی لەگەڵ ئەم جۆرە هێڵەدا هەیە و خۆشی لێی سودمەند نابێت.
کاتێک لەسەردەمی عوسمەکانییەکاندا ڕێگەی گواستنەوەی نێوان ئەوروپا بۆ چین بە تورکیادا تێدەپەڕی، عوسمانییەکان باجی زیاتریان خستە سەر کاڵا و شمەکەکان بەمەبەستی زیادکردنی داهات، بەڵام ئەم زیادکردنە بووە هۆی داڕووخانی ئابوورییەکەی.
کاتێک عوسمانییەکان باجی زیاتریان خستە سەر ئەو کاڵایانەی بە نێوان چین و ئەوروپادا و بە تورکیادا دەگوازرایەوە، پورتوگالییەکان ڕێگە ئابوورییەکەیان گۆڕی و تورکیایان لێ بێبەش کرد، بەمەش زیانێکی گەورە بە داهاتیان گەیشت.
د.سەردار عەزیز دەڵێت: تورکەکان بیریان لەوە کردەوە کە جارێکی تر لە پرۆژەی بەهارات دا کەنارگیر دەکرێن، بەتایبەت ئەوان وا بیر دەکەنەوە هەر شتێک لە ئەوروپاوە بێت بۆ ئاسیا دەبێت ئەمان بەشێک بن لێی.