شیکاریی یاسایی: بۆچی سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار لەسەر مووچەی هەرێم سەرکەوتوو نەبوو؟

٣١ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١١:٢٢ پێش نیوەڕۆ

شیکاریی یاسایی: بۆچی سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار لەسەر مووچەی هەرێم سەرکەوتوو نەبوو؟

پەنجەرە

سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی لە سەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو، بەو پێیەی بەشێکی سکاڵاکە ڕەتکرایەوە و بەشەکانی تریشی پێشوەخت بڕیاریان تێدا درابوو.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، سەرۆک کۆمار لەبارەی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم لە دادگای فیدراڵی سکاڵای یاسایی لەسەر محەمەد شیاع سودانی- سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەیف سامی- وەزیری دارایی تۆمارکردووە.

پسپۆڕێکی بواری یاسا ئاماژە بەوە دەکات، سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار لە چوار بڕگە پێکهاتبوو، بەڵام تێکڕا ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو.

چۆمان محەمەد، پسپۆڕی بواری یاسا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: سەرۆک کۆمار داوای دەرکردنی فەرمان سالاریی بۆ ناردنی مووچە کردبوو هەتا سکاڵاکەی یەکلایی دەکرێتەوە، بەڵام ئەمە ڕەتکرایەوە.

دەشڵێت: داواکاریی دووەمی سەرۆک کۆمار لە سکاڵاکەیدا ئەوەبوو بەبێ پاساوی تەوتین و ڕادەستکردنی نەوت، بەردەوامی بدرێت بە ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ئەمەش ڕەتکرایەوە.

بەپێی وتەی چۆمان محەمەد، داوایەکی تری سەرۆک کۆمار پەیوەندی بە نەوتەوە هەبووە، بەڵام پێش یەکلاییکردنەوەی داواکەی ئەنجومەنی نوێنەران یاسای بودجەی هەموارکردەوە و 16 دۆلاری بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دیاریکرد.

ناوبراو دەشڵێت: داواکەی تری سەرۆک کۆمار پەیوەندی بە تەوتینەوە هەبوو، بەوەی تەوتین لەڕێگەی ئەو بانکانەوە بکرێت کە مۆڵەتی بانکی ناوەندییان هەیە ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم.

 سەرۆک کۆماری عێراق لەکاتێکدا چووە سەرهێڵ و لەسەر مووچە سکاڵای تۆمار کرد، یەکێک لەو ڕەخنانەی بەردەوام لەلایەن شەقامی هەرێمی کوردستانەوە دەگیرا، بێ دەنگی بەرپرسانی کورد بوو لەبەغدا لە مەڕ کێشەکانی نێوان هەولێر و عێراق.

دوای سکاڵاکەی سەرۆک کۆماری عێراق، تەیف سامی- وەزیری دارایی عێراق، ڕایگەیاند: توشی سەرسوڕمان بووین بە بڕیارەکەی سەرۆک کۆمار بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، چونکە ئێمە مووچەمان خەرجکردووە و هیچ لای ئێمە نەماوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو