شەش لیستی عەرەبی لە کەرکوک "پارەیەکی خەیاڵی" بۆ بانگەشە خەرج دەکەن
٣١ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٣٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کێبڕکێی لایەنە عەرەبەکانی کەرکوک کە بە شەش لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن، هێندە قوڵە هەرلایەنە و بڕێکی زۆر پارەی بۆ بانگەشەی کاندیدەکانی خەرجکردووە.
سەرکردەیەکی عەرەبی سونە لە کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هاوپەیمانی 'تەقەدوم'ـی سەر بە محەمەد حەلبوسی زۆرترین پارەی بۆ کاندیدەکانی تەرخانکردووە، سەرۆک لیست و کاندیدەکانی دواتر تا ملیارێک دیناریان بۆ بانگەشە پێدراوە، بەڵام ئەوانیتر سەروو 25 دەفتەر دۆلاریان وەرگرتووە.
لیستی تەقەدوم لە کەرکوک لەلایەن محەمەد تەمیمی وەزیری پلاندانانی عێراقەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لەکاتێکدا هاوپەیمانی عەرەبی کە نزیکە لە هاوپەیمانی سیادەی خەنجەرەوە لەلایەن ڕاکان جبورییەوە سەرۆکایەتی دەکرا و ئێستا کوڕەکەی جێگەی گرتووەتەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت: هاوپەیمانی عەرەبی لە نێو لیستە عەرەبییەکاندا کەمترین پارەی بە کاندیدەکانی داوە.
جگە لە هاوپەیمانی تەقەدوم و هاوپەیمانی عەرەبی، هاوپەیمانی 'عەزم'ـی سەر بە موسەنا سامەرائی، هاوپەیمانی "الحسم الوطني" سەر بە سابت عەباسیی- وەزیری بەرگری عێراق و دوو لیستی تریش کێبڕکێی یەکتری دەکەن.
سەرچاوەکە دەڵێت: هاوپەیمانی عەزم هەر کاندیدە و 300 ملیۆن دیناری بۆ بانگەشە پێداوە، لەکاتێکدا لەو کاندیدانە تێیدایە 1000 دەنگیش ناهێنێت.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، هەفتەی ڕابردوو کاندیدێکی ژن کە پیشەی مامۆستایە، سەردانی شاری هەولێری کردووە و سێ ئۆتۆمبێلی کڕیووە لەو پارەیەی بۆ بانگەشە پێیدراوە.