کاندیدێکی یەکێتی دەدرێتە دادگا
١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١:١٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەسەر سکاڵای بەرپرسێکی پۆلیس، کاندیدێکی یەکێتی دەدرێتە دادگا و دادوەریش داوای ئامادەبوونی دەکات لەماوەی 3 ڕۆژدا.
بەپێی نووسراوێکی دادگای لێکۆڵینەوەی خانەقین، بانگهێشتی (نزار سامان مەحمود) کراوە بۆ ئامادەبوون لەبەردەم دادگا لەسەر سکاڵایەک کە لەلایەن (دیار شەوکەت جەوهەر)ـەوە تۆمارکراوە.
سکاڵاکەرەکە، بەڕێوبەری پۆلیسی حەوزی حەمرینە، سکاڵا لێکراوەکەش کاندیدی یەکێتی نیشتمانییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
هۆکاری سکاڵاکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرپرسەکەی پۆلیس باس لەوەدەکات چەند شەوێک لەمەوبەر ئەو کاندیدە لەگەڵ ئەوس مەهداویی- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، هاتوونەتە بازگەیەکی پۆلیس و سوکایەتییان پێکردوون.
ئەو مادە یاساییەی کە سکاڵایەی پێ تۆمارکراوە، 433ـی یاسای سزادانی عێراقییە کە تایبەتە بە تۆمەتبەخشینەوە و بوختان کردن (قذف).
لە نووسراوی بانگهێشتکردنی دادگای لێکۆڵینەوەی خانەقیندا هاتووە: دەبێت سکاڵا لەسەرکراو لەماوەی 3 ڕۆژدا ئامادەی بەردەم دادگا بێت، بەپێچەوانەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت.