فرۆشتنی گاز بە عێراق ڕاجیایی لەنێوان حکومەتی هەرێم و دانا گاز درووستدەکات
١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١:١٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کۆمپانیای دانا گاز بەنیازە ئەو گازە سروشتییەی بەرهەمی دێنێت بفرۆشێتە حکومەتی عێراقی، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەمە ڕەتدەکاتەوە و داوا دەکات بە ڕەزامەندی ئەو دەست بۆ فرۆشتنی گاز ببات.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دانا گازدا هەیە، کۆمپانیاکە ئەگەر بەرهەمی ڕۆژانەی سەروو 400 ملیۆن مەتر سێجا گاز زیاتر بوو، ئەوا ئازادە ئەو زیادە بەرهەمەی چۆن دەفرۆشێت بەمانایەکی تر، دەبێت ڕۆژانە 400 ملیۆن مەتر سێجا گاز بدات بە حکومەتی هەرێم کە بەزۆریی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و پێداویستی ناوخۆییە، هەر زیادەیەکی تر لە بەرهەمەکەی، خۆی بیفرۆشێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، لەئێستادا حکومەتی هەرێم ڕازیی نییە بەوەی کۆمپانیاکە خۆی سەربەخۆ گازەکە بفرۆشێت و دەڵێت ئەگەر بڕیارە گاز بە هەر لایەنێک بفرۆشێت، دەبێت پێشوەخت ڕەزامەندی ئەو وەربگرێت.
زانیارییەکانی پەنجەرە دەریدەخەن، کۆمپانیا ئیماراتییەکە، پێیخۆشە گازەکە بە عێراق بفرۆشێت، بۆیە حکومەتی هەرێم ڕازیی نییە بەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەک، حکومەتی هەرێم جگەلەوەی دەیەوێت ئەم پرسە وەکو چەکێک دژ بە عێراق بەکاربهێنێت، چاویشی لەوەیە لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردەی بازارە جیهانییەکانی بکات.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەست پەنجەرە کەوتوە، لەئێستادا کۆمپانیای دانا گاز بەرهەمی ڕۆژانەی نزیک لە 750 ملیۆن مەتر سێجا کردووەتەوە.
کۆمپانیای دانا گاز کە ئیماراتییە، لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی تر هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێناوە و لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سلێمانی وەبەرهێنان دەکەن، خودی کۆمپانیا ئیماراتییەکەش بەڕێوەبەری کێڵگەکەیە.