حکومەتی عێراق نەوت و پاشماوەی نەوت دەداتە چەند کارگەیەکی سلێمانی
١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٦:٥٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوور لە چاوی میدیاکان و بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ کارگەکانی بەرهەمێنانی قیر لە پارێزگای سلێمانی بکەن، هەفتەی ڕابردوو لیژنەیەکی وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی ئەو کارگانەی کردووە و ڕەزامەندی بە یەکێک لە کۆمپانیاکان داوە بۆ ئەوەی نەوتی خاو و پاشماوەی نەوتی پێبدرێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، کارگەکانی قیر لە سنووری پارێزگای سکێمانی، داوای نەوتی خاو و پاشماوەی نەوتیان لە حکومەتی عێراق کردووە بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە قیر بەرهەم بهێنن.
بەمەبەستی بەدواداچوونی ئەم داوایە، هەفتەی ڕابردوو لیژنەکەیەکی وەزارەتی نەوتی عێراقی دوور لە چاوی میدیاکان، سەردانی کارگەکانی کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، سەردانی لیژنەکە بۆ بەدواداچوونی ئیشوکاری کارگەکان و دڵنیابوونەوە بووە لەوەی تاچەند ڕێنماییەکانیان جێبەجێ دەکەن.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای سەردانی لیژنەکە، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە نەوتی خاو و پاشماوەی نەوت بدات بە کۆمپانیای "فۆنێکس" کە لە سنووری عەربەت کاری بەرهەمهێنانی قیر دەکات.
سەرچاوەکە دەشڵێت: ڕەنگە حکومەتی عێراق بیەوێت کۆمپانیاکان ڕۆن و گازوایلی بۆ بەرهەمبهێنن، بۆیە عێراق لە پاڵپشتیکردنی کۆمپانیاکان سودمەند دەبێت.