"نابێت سنوور ببەزێنرێت"؛ لێدوانی سیادە لەبارەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار
١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٦:٥٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرکردەیەکی عەرەبی سونە دەڵێت: دەبێت پێکهاتەکان سنووری یەکتری نەبەزێنن لەوەی پەیوەندیی بە پۆست و بەرکەوتەکانیانەوە هەیە.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی 'تەقەدوم'ـی عەرەبی سوننە، لێدوانێکیدا کە ئاماژە بوو بە نیازی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، وتی: عەرەبی سونە خۆیان بڕیاردەدەن کام لە پۆستەکانی سەرۆک کۆمار یان سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران وەردەگرن.
لەبارەی ئەم پرسەوە، شێخ رەعد عاسی- سەرکردەی هاوپەیمانێتی سیادەـی عەرەبی سونە، بە پەنجەرەی وت: دابەشکردنی سێ پۆستە باڵاکەی عێراق (سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمان) لەنێوان پێکهاتەکاندا بوە بە ئەمری واقیع.
وتیشی: نابێت هیچ پێکهاتەیەک سنووری پێکهاتەکەی دیکە ببەزێنێ و مافی ئەوی دیکە بخوات.
باسی لەوەشکرد: ئەو دابەشکارییەی هەیە، سیاسییەکان دایانڕشتوە، بەڵام دەبێت ڕێزی ئیرادەی پێکهاتەکان بگیرێت.