فەرماندە سەربازییەکانی بەشدار لە 16ـی ئۆکتۆبەر بە هەڵبژاردن ڕووبەڕووی یەکتری دەبنەوە

٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١١:٢٣ پێش نیوەڕۆ

فەرماندە سەربازییەکانی بەشدار لە 16ـی ئۆکتۆبەر بە هەڵبژاردن ڕووبەڕووی یەکتری دەبنەوە

پەنجەرە

ژمارەیەک لەو فەرماندە سەربازییانەی کە پێش 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، لەڕێگەی هێزەوە ڕووبەڕووی یەکتری دەبوونەوە، بەڵام ئێستا لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە کێبڕکێی یەکتری دەکەن.

غەریب عەسکەر، کاندیدی تورکمانە شیعەکان لە کەرکوک، لە ڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەر یەکێک بو لە فەرماندەکانی حەشد کاتێک لەگەڵ پێشمەرگە ڕووبەڕووبونەوە ڕوویدا و دەست بەسەر ئەو پارێزگایەدا گیرا.

مەهدی تەقی ئامرلی، عاتف نەجاڕ و ئەحمەد ئەسعەد، دیارترین فەرماندەکانی حەشدن لە قەزای خورماتوو کە پێشتر ڕۆڵیان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگەدا و ئێستا کاندیدی هێزە شیعەکانن.

کەریم شکور، بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی، کاندیدی حزبەکەیەتی لە پارێزگای سەڵاحەدین و لەڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەر بەهێز ڕووبەڕووی ئەو فەرماندانەی حەشد بوویەوە کە ئێستا لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە کێبڕکێیان دەکات.

لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا و دیالە، چەندین کاندیدی تری تێدایە پێشتر لە ڕێگەی هێزەوە ململانێی یەکترییان دەکرد، بەڵام ئێستا جلە سەربازییەکانیان فڕێداوە و لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە کێبڕکێی یەکتری دەکەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو