لە کوردستانەوە هەوڵ بۆ دروستکردنی "بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن" دەدرێت
٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١:٣٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەوڵێک لە ئارادایە بۆ هاندانی هاوڵاتیان بەمەبەستی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەویش لەچوارچێوەی کەمپینێکی ڕێکخراودا.
ئەندامێکی ئەو کەمپینی بایکۆتکردنەی هەڵبژاردن کە کار بۆ پێکهێنانی دەکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لە گفتوگۆداین بۆ ڕاگەیاندنی کەمپینی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن و هۆشیارکردنەوەی خەڵک، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتاییمان بۆ ئەو مەبەستە نەداوە.
ئەو ئەندامە بە پاساوی ئەوەی هێشتا لە گفتوگۆدان بۆ ڕاگەیاندنی کەمپینەکە، ئامادە نەبوو ناوی ئاشکرابکرێت، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە کەمپینەکەیان "بەرجەستەکردنی ڕای زۆرێک لە هاوڵاتیانە."
هەوڵدان بۆ فراوانکردنی بازنەی بایکۆت و یەکخستنی هەوڵەکان بەو ئاراستەیە، لەکاتێکدایە کە پێشتر چەند پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق و هەرێم و ژمارەیەک چالاکوان و ڕۆشنبیر، پاڵپشتی خۆیان بۆ بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕاگەیاند.
ئەندامەکەی کەمپینەکە کە خۆی پێشتر بەشداربووی ڕێکخستنەکانی مامۆستانی ناڕازیی سلێمانی بوو، لەبارەی ئامانجیان لە هاندانی خەڵک بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، وتی: هەڵبژاردن شانۆگەرییە و بەشداریکردن لەو شانۆگەرییەدا شەرعیەتدانەوەیە بە دەسەڵات.
لەبەرامبەردا، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان نیگەرانن لە هەر هەوڵێک بۆ فراوانکردنی بازنەی بایکۆت.
ئەوان پێیانوایە بایکۆت خزمەتی لایەنە دەسەڵاتدارەکان دەکات بەو پێیەی ئەوان لایەنگری خۆیان دەبەنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، کەچی کەسانی ناڕازیی بایکۆت دەکەن.