"خەونێکی تری سەربەخۆیی گورزی بەرکەوت"؛ بیابانی ڕۆژئاوا لە داواکردنی سەربەخۆییەوە بۆ بڕیاری ئۆتۆنۆمی
٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دۆسیەی بیابانی ڕۆژئاوا، کە ماوەی چەندین دەیەیە ناکۆکییەکی سیاسی و جوگرافیایی دروستکردووە، دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ پێشەوەی کارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێشهاتێکی نوێوە. لەکاتێکدا بەڕێوەبەرانی هەرێمەکە چەندین ساڵە چاوەڕێی بڕیارێکن بۆ بەسەربەخۆیی ناساندنیان، کەچی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان خەونەکەی کردنە سەراب و لەبری سەربەخۆیی پشتیوانی کرد لە سیستەمی ئۆتۆنۆمی "خۆبەڕێوەبەری" بۆ هەرێمەکە لەچوارچێوەی شانشینی مەغریبدا.
بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان
لە 31ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ، پڕۆژە بڕیارێکی ئەمریکی پەسەند کرد کە پشتیوانی لە پێشنیارەکەی مەغریب دەکات بۆ خۆبەڕێوەبەری لە بیابانی ڕۆژئاوا. ئەم بڕیارە بە 11 دەنگی بەڵێ لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجومەنەکە تێپەڕی، لە کاتێکدا ڕووسیا، چین و پاکستان خۆیان لە دەنگدانەکە بە دوور گرت و جەزائیریش بەشداری نەکرد.
هاوکات، ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاریدا کە تەمەنی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاپرسی لە بیابانی ڕۆژئاوا (مینورسۆ) بۆ ساڵێکی دیکە درێژ بکاتەوە.
کاردانەوەکان؛ مەغریب پێشوازیی دەکات و پۆلیساریۆ و جەزائیر ئیدانە
محەمەدی شەشەم، پاشای مەغریب، پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش کرد و بە هەنگاوێکی گرنگی دانا. ناوبراو ڕایگەیاند ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری لێداوە، "چارەسەرێکی واقیعی و جێبەجێکراوە."
مەغریب لە ساڵی 2007ـەوە پێشنیاری ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی سەروەریی خۆی بەسەر هەرێمەکەدا خستووەتەڕوو.
لە بەرامبەردا، بەرەی پۆلیساریۆ (کە دەسەڵاتداری هەرێمەکەن) و جەزائیر، ئەم پڕۆژە بڕیارە ڕەت دەکەنەوە.
سەید محەمەد عەممار، نوێنەری پۆلیساریۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە پۆلیساریۆ سوورە لەسەر "مافی چارەی خۆنووسین، سەربەخۆیی و بەرگری لە ماف و سەروەرییان."
پۆلیساریۆ جەخت لەسەر ئەنجامدانی ڕاپرسییەک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەلی بیابانی ڕۆژئاوا و درێژەدان بە خەباتی چەکداریی تا گەیشتن بە سەربەخۆیی تەواوەتی، دەکاتەوە.
جەزائیریش وەک پشتیوانێکی سەرەکی پۆلیساریۆ، بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی هەر چارەسەرێک کە مافی چارەی خۆنووسین لە گەلی بیابانی ڕۆژئاوا بسێنێتەوە.
کێشەی بیابانی ڕۆژئاوا؛ ڕیشە و مێژوو
کێشەی بیابانی ڕۆژئاوا یەکێکە لە درێژخایەنترین ناکۆکییەکان لە ئەفریقا، کە بۆ ماوەی پێنج دەیە بەردەوام بووە. ئەم ناوچەیە کە پێشتر کۆلۆنییەکی ئیسپانی بووە، تاکە هەرێمە لە کیشوەری ئەفریقادا کە هێشتا لەنێوان سەربەخۆبوون و بە هەرێم مانەوەی لەچوارچێوەی مەغریبدا، دۆخی نادیارە.
سەرەتای کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1975، کاتێک ئیسپانیا وەک دەسەڵاتداری کۆلۆنیالی، لە ناوچەکە کشایەوە. لەو کاتەدا، مەغریب بانگەشەی خاوەندارێتی بیابانی ڕۆژئاوای کرد بە بیانووی پەیوەندییە مێژووییەکانەوە، لە کاتێکدا بەرەی پۆلیساریۆ کە لە ساڵی 1973 دامەزراوە، داوای سەربەخۆیی تەواوەتی دەکرد بۆ گەلی بیابانی ڕۆژئاوا.
لە ساڵی 1991، ڕێککەوتنێکی ئاگربەست بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا و نێردەی 'مینورسۆ' دامەزرا بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕاپرسییەک بۆ دیاریکردنی چارەنووس، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر کێ مافی دەنگدانی هەیە، ڕاپرسییەکە هەرگیز ئەنجام نەدرا.
لەو کاتەوە، ناکۆکییەکە لە نێوان هەردوو لایەنە سەرەکیدا ماوەتەوە: مەغریب کە بیابانی ڕۆژئاوا بە بەشێکی دانەبڕاو لە خاکەکەی دەزانێت و پێشنیاری ئۆتۆنۆمی بۆ دەکات، لەگەڵ پۆلیساریۆ کە داوای ڕاپرسی و سەربەخۆیی تەواوەتی دەکات. جەزائیریش، کە هاوسنووری بیابانی ڕۆژئاوایە، بە خەستی پشتیوانی لە پۆلیساریۆ دەکات و بەشێکە لەم ناکۆکییە.
بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەگەرچی گورزە لە هەوڵەکانی پۆلیساریۆ و لەگۆڕنانی خەونی سەربەخۆیی هەرێمێکی دیکەی ناوڵاتە، بەڵام پێناچێت کۆتایی بە خواست و ویستی دانیشتوانەکەی بهێنێت، بەڵکو دەرگا لەسەر ئەگەر و پێشهاتی دیکە دەکاتەوە.