دانانی مارک ساڤایا تورکیاشی ترساندووە

٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١:٣٦ پاش نیوەڕۆ

دانانی مارک ساڤایا تورکیاشی ترساندووە

پەنجەرە

دانانی "مارک ساڤایا" لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە وەکو نێردەی خۆی بۆ کاروباری عێراق، تەنها ترسی لای هێزە شیعەکان دروستنەکردووە، بەڵکو بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ تورکیاش.

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی و ئاگادار، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: یەکێک لە ئەرکەکانی ساڤایا بەهێز کردنەوەی مەسیحییەکان دەبێت لە دەشتی نەینەوا، ئەمە مایەی نیگەرانی تورکیایە.

مارک ساڤایا، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق، لە لێدوانێکیدا دوای وەرگرتنی پۆستەکە، ڕایگەیاند: با جارێکی تر عێراق گەورە بکەینەوە.

بەوتەی سەرچاوەکەی پەنجەرە، تورکیا هەمیشە بەچاوی تەماعەوە لە موسڵی ڕوانیووە، لەکاتێکدا ئەجێندای ساڤایا جیاوازە و دەیەوێت ڕۆڵی مەسیحییەکان لە موسڵ بەهێز بکات، ئەمە جگە لەوەی بانگەشەی عێراقی بەهێز دەکات کە لەگەڵ بەرژەوەندی تورکیادا ناگونجێت.

جیاواز لە ڕاگەیەنراوەکەی کە بۆ تورکیا مایەی نیگەرانییە، مارک ساڤایا داوای لاوازکردنی ڕۆڵی میلیشیا شیعییەکان و لە چەکداماڵینی کردن.

سەرچاوەکە دەڵێت: ئەرکێکی تری ساڤایا لاوازکردنی هەژموونی ئێران و بەهێزکردنەوەی ڕۆڵی ئەمەریکایە لە عێراق.

بەشێک لە چاودێران جیاوازتر لە پێدانی نوێنەرایەتی کاروباری عێراق بە مارک ساڤایا دەڕوانن و پێیانوایە، پێدانی ئەو ڕۆڵە بە ناوبراو پاداشتکردنیەتی لەبەرامبەر هاوکاریکردنی ترەمپدا لە هەڵبژاردن، ئاماژەشە بۆ بایەخنەدانی سەرۆکی ئەمەریکا بە دۆسییەی عێراق.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو