وردەکاریی ئەو بەرنامەیەی بەهۆیەوە پەخشی کەناڵی NRT ڕاگیرا
٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٨:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەمشەو بەهۆی هەوڵدان بۆ پەخشکردنی ئەڵقەیەکی بەرنامەی تاوتوێ کە میوانداریی شاسوار عەبدولواحیدـی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەکات، پەخشی کەناڵی NRT ڕاگیرا، سەرچاوەیەکیش لە کەناڵەکە، وردەکاریی ئەو بەرنامەیە بۆ پەنجەرە ئاشکرا دەکات.
بەوتەی سەرچاوەکەی پەنجەرە، کەناڵەکە پێشتر لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە ئەڵقەیەکی بەرنامەی تاوتوێ تۆمارکردووە، بەنیازبووە ئەمشەو پەخشی بکات.
بەوتەی سەرچاوەکە، لایەنە ئەمنییەکان کە بە بوونی وەها بەرنامەیەکیان زانیوە، هۆشدارییان داوەتە کەناڵەکە و دواتر کە زانیویانە کەناڵەکە بەرنامەکە پەخش دەکات، هاتونەتە سەری.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد بەرپرسانی ئەمنی وایان زانیوە کامیرا براوەتە نێو زیندانەوە و دیدار لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید ئەنجام دراوە، هەربۆیە لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەوبارەوە پێکهێناوە.
وتیشی: دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکە هاتووەتە سەر کەناڵەکە، هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە نەک هەر نابێت بەرنامەکە لە کەناڵەکەوە پەخش بکەن، بەڵکو لەهەر پلاتفۆرمێکی دیکەشەوە بڵاوببێتەوە، ئەوان کەناڵی NRT دادەخەن.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە 12ـی مانگی ئابی ئەمساڵەوە دەستگیرکرا و دواتر سزای 5 مانگ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێنرا لە دۆسییەی هەڕەشەکردن لە پەرلەمانتاری پێشوو- شادی نەوزاد.