نەوت بەرامبەر بە ئاو؛ ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی تورکیا و عێراق
٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١٢:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمئاوی لە عێراقدا، ئەو وڵاتە و تورکیا ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی هاوکارییان لە بواری ئاودا واژۆ کرد، بەپێی ڕێککەوتنەکە عێراق نەوت و وەبەرهێنان بە تورکیا دەدات و ئەویش هاوکاریی عێراق دەکات لەم قەیرانەیدا.
بەپێی میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە کە دوو ڕۆژ پێشتر بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق- محەمەد شیاع سودانی، لەنێوان هاکان فیدان- وەزیری دەرەوەی تورکیا و فوئاد حسێن- وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو، عێراق لە بەرامبەر دابینکردنی ئاودا لەلایەن تورکیاوە، نەوتی خاو دەفرۆشێتە کۆمپانیا تورکییەکان لە ڕێگەی کۆمپانیای (سۆمۆ)، کە داهاتەکەی دەچێتە سەر هەژمارێکی تایبەت بۆ پڕۆژەکانی ئاو.
ڕێککەوتنەکە هەروەها چەندین پڕۆژەی دیکە لەخۆدەگرێت، لەوانە: باشترکردنی کوالێتی ئاو، کەمکردنەوەی پیسبوون، پەرەپێدانی شێوازەکانی ئاودێریی و تەکنەلۆژیای نوێ، لەگەڵ پڕۆژەکانی چاککردنی زەوی کشتوکاڵی.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە، کۆمپانیا تورکییەکان کێبڕکێ دەکەن، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە عێراق پڕۆژە لە بواری کەرتی ئاودا بە تورکیا دەدات.
د. سەردار عەزیز، توێژەری نێودەوڵەتی، ئەمە بە جۆرێک لە قازانجی ئابووری تورکیا دەزانێت لە بەرامبەر پێدانی ئاودا.
دەڵێت: "تورکیا (باس لەوە دەکات کە) دەبێت کۆمپانیاکانمان بێن لە عێراقدا کار بکەن بۆ چاککردنی ئاو و ئاوەڕۆ و چۆنێتی بەکارهێنانی ئاو، (ئەمەش) یانی تورکیا لە بەرامبەر پێدانی ئاودا دەبێت سودی ئابوری دەست بکەوێت لەم بوارەدا."