نزیکبوونەوە لە تونێلەکە؛ هەڵبژاردنی عێراق دەگاتە دوا وێستگە
٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١٢:٣٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
عێراق بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک هەنگاو دەنێت کە کۆسپ و ئاڵەنگاری گەورەی لە پێش بوو، بەڵام دواجار هەفتەی داهاتوو پرۆسە پڕ لە کێشمەکێشەکە ئەنجام دەدرێت.
نزیکبوونەوە لە تونێلەکە
عێراق بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تونێلی یەکەم تێدەپەڕێنێت، بەو پێیەی تا ناوەڕاستی بانگەشەی هەڵبژاردن هێشتا هەندێک لایەن گومانیان هەبوو لە ئەنجامدانی پرۆسەکە.
هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان ئێران- ئیسرائیل، هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر میلیشیا شیعەکان، ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوخۆیی عێراق، ئاڵەنگارییەکانی بەردەم هەڵبژاردن بوون.
هەڵبژاردن لەکاتێکدا ئەنجام دەدرێت ڕەوتی سەدر لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی عێراقە و دژی پرۆسەکەیە، بەڵام هێشتا هەنگاوی کرداری نەناوە بۆ ئەوەی شکست بە پرۆسەکە بهێنێت.
جگە لە ڕەوتی سەدر، چەندین لایەنی تریش ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان پێخۆش نییە، بەتایبەت سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرباری بەهێزیی هاوپەیمانێتییەکەی، بەڵام دڵنیا نییە لە بەدەستهێنانەوەی پۆستەکەی، هەربۆیە دواخستنی هەڵبژاردنی پێخۆشبوو.
لەکاتێکدا لایەنە شیعەکان بەتایبەت دەوڵەتی یاسا ڕژد بوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هەمیشە هۆشدارییان دەدا لە دواخستنی، بەو پێیەی دەیانەوێت ڕۆژێک زووتر پرۆسەکە ئەنجام بدرێت و دەسەڵات لە سودانی وەربگرنەوە کە پێیانوایە ناوبراو فریوی داون.
هەرچەندە لایەنە ڕکابەرەکان زۆربەیان خاوەن هێز و چەکن، بەڵام خۆیان لە هێرشکردنە سەری یەکتری لادا ، ئەمەش لە پێناو ئاڵۆز نەبوونی دۆخەکە و لێرەشەوە عێراق خەریکە تونێلی یەکەم تێدەپەڕێنێت.
تونێلە دوور مەوداکە
بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئەنجامدانی هەڵبژاردن بژاردە سوک و ئاسانەکەیە، ئەوەی قورس و ئاڵۆزە هاوکێشەکانی دوای هەڵبژاردنن، کە ئەجێندای دەرەکی و ناکۆکی نێوخۆیی پێکهێنانی حکومەت قورس دەکەن.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەمەریکا دەیەوێت دەستی هەبێت لە نەخشەی داهاتووی عێراق دا و ئێران لاواز بکات، لەکاتێکدا ئێران شەڕی مانەوەی هەژموون دەکات.
دەشڵێت: لایەنەکان لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق و پۆستە گرنگەکان دەچنە ململانێی قورسەوە، بۆیە یەکلایی کردنەوەی هاوکێشەی دوای هەڵبژاردن کاتی دەوێت.
بەمپێیە عێراق بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن تونێلی یەکەم دەبڕێت و هەنگاو بۆ تونێلێکی دوور مەوداتر دەنێت، هەموو پێدراوەکانیش جەخت لەوەدەکەنەوە کە تێپەڕین لەم تونێلە بەهۆی ململانێی ناوخۆیی و بارگاویبوونی دۆخەکە بە ئەجێندای دەرەکی، ئاسان نابێت.