دهۆک لەبەرامبەر کەرکوک؛ وردەکاریی ڕێککەوتنی یەکگرتوی ئیسلامی و نەوەی نوێ

٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٨:٠٧ پاش نیوەڕۆ

دهۆک لەبەرامبەر کەرکوک؛ وردەکاریی ڕێککەوتنی یەکگرتوی ئیسلامی و نەوەی نوێ

پەنجەرە

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و نەوەی نوێ ڕێککەوتوون لەسەر هەماهەنگی کردنی یەکتری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەپێی ڕێککەوتنەکە لە کەرکوک و دهۆک هەماهەنگی لەگەڵ یەکتری دەکەن.


بادینان لە ڕێککەوتنەکەدا

بەپێی ڕێککەوتنە ڕانەگەیەنراوەکەی نێوان نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ کاندیدی زاخۆیی و دهۆکی دانەناوە و کاندیدەکانی دانیشتووی بەردەڕەش و ناوچەکانی تری بادینانن.

بەشێک لە خۆبەخشانی نەوەی نوێ پێیانوایە، ئەگەر جوڵانەوەکەیان لە دهۆک و زاخۆ کاندیدی هەبووایە چانسی دەرچوونیان زیاتر دەبوو، ئەمە جگە لەوەی پێشنیار هەبوو بۆ دانانی "مەلا شڤان" بە سەرۆکی لیست، بەڵام ڕەتکرایەوە.

بەڕای خۆبەخشەکانی نەوەی نوێ، "مەلا شڤان" بۆ ڕاگرتنی دڵی یەکگرتووی ئیسلامی لەلایەن نەوەی نوێوە کاندید نەکراوە، بەو پێیەی ناوبراو باکگراوەندی ئیسلامی هەیە و چانسی دەرچوونی زیاتر دەبوو.

بەمپێیە نەوەی نوێ تاڕادەیەک گۆڕەپانی بادینانی بۆ یەکگرتووی ئیسلامی چۆڵکردووە، ئەمەش وادەکات یەکگرتوو چانسی بەدەستهێنانەوەی ئەو دوو کورسییەی هەبێت کە پێشتر لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیبووە.


کەرکوک بۆ نەوەی نوێ

یەکگرتووی ئیسلامی لە کەرکوک لیستی فەرمی بۆ هەڵبژاردن نییە، بەڵام کاندیدێکی لە نێو لیستی نەوەی نوێ دا هەیە، ڕەنگە ئەمە پاداشتکردنی نەوەی نوێ بێت لەبەرامبەر بادینان دا.

پێشبینی دەکرێت لیستەکەی نەوەی نوێ و یەکگرتوو لە کەرکوک، لە باشترین حاڵەتدا کورسییەک بێنن، بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا دەنگی یەکگرتوو دەڕواتە خزمەتی لیستەکەی نەوەی نوێوە.

محەمەد هاودیانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی، لە گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕێککەوتنی نێوانیانی لە کەرکوک لەگەڵ نەوەی نوێ پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام ئەوەشی ڕەتنەکردەوە کادیرێکی حزبەکەی کاندیدە لە لیستەکەی نەوەی نوێدا.

بەڕای چاودێران، ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ نەوەی نوێ لەلایەن یەکگرتووی ئیسلامییەوە بۆ سێ هۆکار دەگەڕێتەوە، خۆلادان لە توڕەیی یەکێتی، هەروەها بیانوونەدان بەدەست رکابەرەکانییەوە تا لەکاتی بانگەشەدا بەوە لێکنەدرێتەوە ڕێککەوتنەکە بە هاندانی تورکیا ئەنجام دراوە.

هەروەها هۆکاری سێیەمیش ئەوەیە کە یەکگرتووی ئیسلامی چاوی لە بەدەستهێنانی کورسییەکە لە پارێزگای هەولێر، ترسی لەوە هەیە ئاشکراکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ نەوەی نوێ لەو پارێزگایە بە زیانی بشکێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو