ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان؛ لەخستنی دەسەڵاتەوە بۆ شەڕی یەکتری

٤ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١:٠٣ پاش نیوەڕۆ

ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان؛ لەخستنی دەسەڵاتەوە بۆ شەڕی یەکتری

پەنجەرە

ئەو هێزانەی ڕۆژانێک هیوایان لەسەر هەڵچنرابوو بەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەهێنن، ئێستا ئەوەندە ڕۆچوونەتە ناوخۆیان کە بەشێکیان لە کێبڕکێی هەڵبژاردن کشاونەتەوە، بەشێکی تریشیان خەمی ئەوەیانە لەوەزیاتر بچووک نەبنەوە.


سەردەمی زێڕین

درووستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لەساڵی 2009، دەتوانرێت بەسەردەمی زێڕینی ئۆپۆزسیۆن هەژمار بکرێت، سەردەمێک کە زۆری نەخایاند و لەگەڵ نەمانی دامەزرێنەرەکەی (نەوشیروان مستەفا)، ئەوش زیاتر و زیاتر کز دەبوو.

هاوشان لەگەڵ سەرهەڵدانی گۆڕان، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تریش بەهێز بوون، لەنمونەی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەریی، بەڵام ئەوان ئەگەرچی تاڕادەیەک دەستیان بە ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەماندا گرت، بەڵام لە واقیعدا ئەو هێزەیان نەما.


شەپۆلی دووەمی ئۆپۆزسیۆن

سەرەکییترین هێزی ئۆپۆزسیۆن کە بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بە تەواوی لاواز بووە و لە کۆتا هەڵبژاردندا تەنها یەک کورسی بەدەستهێنا.

هاوشان بە کزبوونی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، چەند هێزێکی تری ئۆپۆزسیۆن دەرکەوتن، کە دەتوانرێت بوترێت شەپۆلی دووەمی ئۆپۆزسیۆنن. ئەم شەپۆلە بە دەرکەوتنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەستیپێکرد و پاشان بەرەی گەل و هەڵوێستی هاتە سەر.


ئۆپۆزسیۆن و پەرتەوازەیی 

هەموو بزوتنەوە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، دەستیان بەو گوتارەوە گرتووە کە دژ بە پارتی و یەکێتییە.

ئەوان ئەگەرچی لەڕووی گوتاری ڕاگەیاندنەوە هێرشەکانیان بۆ سەر یەکێتی و پارتی بەردەوامە، بەڵام لەڕووی واقیعییەوە کارەکەیان لە کێبڕکێی ئەو دوو حزبەوە هاتووەتە سەر ئەوەی کێبڕکێی یەکتری بکەن.

ئەوەی وایکردووە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ناکۆک بن، نزیکی دەنگدەرەکانیانە لەیەکترییەوە، بەجۆرێک دەنگەکانیان لەسەر حسابی یەکتری هەڵکشان و داکشان دەکات، ئەمە ناچاریان دەکات کێبڕکێی یەکتری بکەن.

لەپاڵ کێبڕکێی یەکتریدا، هۆکارێکی سەرەکی لاوازبوونی ئەم هێزانە، فشاری هەردوو لایەنی حوکمڕانە بۆ سەریان و دەستگیرکردنی سەرکردەکانیانە، کە ئێستا دوو سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن لە زینداندان (شاسوار عەبدولواحید- سەرۆکی نەوەی نوێ و لاهور شێخ جەنگی- سەرۆکی بەرەی گەل).

ئەمە سەرباری نائومێدبوونی دەنگدەریش لە گۆڕانکاریی، کە بەشێک لەمانە بە بایکۆتکردنی دەنگدان گوزارشت لە نائومێدییەکەیان دەکەن.

بەمجۆرە نەخشەی سیاسی و جۆری ململانێکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کە پێشتر چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرا ببنە بەدیلی پارتی و یەکێتی، ئێستا ئەگەر بەناڕاستەوخۆش بێت، سەرقاڵ بوونە بە ململانێی یەکترییەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو