یەکێتی لە ململانێی ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ ململانێی پارتی

٤ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٢:١٥ پاش نیوەڕۆ

یەکێتی لە ململانێی ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ ململانێی پارتی

پەنجەرە

گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان و لاوازبوونی پێگەی ئۆپۆزسیۆن جۆری ململانێکانی گۆڕیوە، ئێستا یەکێتی ململانێی پارتی دەکات، لەکاتێکدا پێشتر هی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەکرد.


گۆڕانی هاوکێشەکان

یەکێتی لەدوای پێکهێنانەوەی پەرلەمان و حکومەتی یەکگرتوو پاش کەوتنی سەدام، تادەهات هەست بە بێهێزبوونی کرا، ئەمەش بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2009ـوە بەڕوونی دەرکەوت.

لەوساڵەدا کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، چیتر یەکێتی بە ڕکابەری پارتی نەما، بەڵکو کەوتە کێبڕکێ لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان، زۆرجاریش دۆڕاوی کێبڕکێکان یەکێتی دەبوو.

لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ـی پەرلەمانی کوردستان، ململانێی نێوانیان گەیشتە ئاستێک  یەکێتی لەڕووی جەماوەرییەوە داڕووخا، گۆڕان زۆرترین دەنگی لە سلێمانی بەدەستهێنا و ٢٥ کورسی بۆخۆی مسۆگەر کرد.

کێبڕکێی نێوان گۆڕان و یەکێتی لە ساڵی ٢٠١٣ بە بەهێزی بەردەوامی هەبوو، گۆڕان لەو ماوەیەدا سەرکەوتوو بوو لەفشار خستنە سەر یەکێتی و پارێزگاریکردن لەدەنگەکانی و ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنایەوە.

دوای لاوازبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و دروستبوونی هێزی نوێی ئۆپۆزسیۆن، هەرچەندە یەکێتی لەگەڵ ئەو هێزانە کەوتە ململانێ، بەڵام قوتاری بوو لەو ترسەی لە ڕابردوودا هەیبوو.

ترسی گەورەی یەکێتی لەگۆڕان تەنها داڕووخانی جەماوەری نەبوو، بەڵکو گۆڕان دەستی دەگەیشتە نێو هێزە چەکدارەکانیشی، لەکاتێکدا دوای گۆڕان ئەم ترسەی لە هێزەکانی تر نەما و ململانێکان لەچوارچێوەی پێگەی جەماوەریدا قەتیس بوون.

جیاواز لەوەی هەمیشە لە ململانێی جەماوەریدا بوو لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، زۆرجار پارتی دیموکراتی کوردستان بەسود وەرگرتن لە ململانێکان و بێ حساب کردن بۆ یەکێتی حکومەتی پێکدەهێنا و پۆستەکانی بۆ جێ دەهێشت.

لاوازبوونی پێگەی ئۆپۆزسیۆن و پەرتبوونی ڕیزەکانیان، دەرفەتی بۆ یەکێتی ڕەخساند تا بگەڕێتەوە بۆ ململانێی ئەو هێزەی نزیکەی ٥٠ ساڵە لە شەڕ و کێشمەکێشی یەکتریدا ماندوو نەبوون.


گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا

دوای تێپەڕبوونی ١٦ ساڵ بەسەر دروستبوونی گۆڕان و سەرقاڵبوونی بە کێشمەکێشی ئۆپۆزسیۆنەوە، ئێستا یەکێتی دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ ململانێی پارتی، ئەو هێزەی تەمەنێکی دوور و درێژیان لە کێشمەکێشدا پێکەوە هەیە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاند:  هەرکات بیانەوێت دەتوانن بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنن.

تەحەداکەی بارزانی لەکاتێکدایە، ساڵێک زیاترە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی ڕێگرە لە پێکهێنانی حکومەت.

بەراورد بە ڕابردوو یەکێتی زۆر گوێ بە پێکهێنانی حکومەت بەشێوەی تاکلایەنە لەلایەن پارتییەوە نادات، چونکە هیچ هێزێکی ئەوتۆ لە گۆڕەپانەکەدا نەماوەتەوە پارتی حکومەتی لەگەڵدا پێکبهێنێت.

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەم گوێپێنەدانە، دەڵێت: با پارتی حکومەت پێکبهێنێت.

هەرچەندە بە ئێستاشەوە جیاوازی نێوان کورسییەکانی پارتی و یەکێتی زۆرە، بەڵام ئاراستەی ململانێکان وا دیارن ئەم دوو هێزە کە خاوەن چەکدار و جوگرافیا و پارەن، گەڕاونەتەوە بۆ ململانێی یەکتری.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو