پارتی: دەمانەوێت لەڕێگەی لیستە عێراقییەکانەوە کاندیدی کورد دەربچێنین
٤ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٢:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ئەو ڕەخنانەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان گیران بەوەی لە دیالە لە ڕیزی لیستێکی عەرەبی کاندیدیان هەیە، ئەندامێکی مەکتەبی ڕاگەیاندنی لقی خانەقینی ئەو حزبە دەڵێت: دەمانەوێت کاندیدی کوردیی لە لیستە عێراقییەکانەوە دەربچێنین.
ئەیاد کەرکوکی، بە پەنجەرەی وت: یەکێتی تانەمان لێدەدات بەوەی لە دیالە لەگەڵ هاوپەیمانی عەزم هاوبەشین و کاندیدمان لە لیستەکەیاندا هەیە، لەکاتێکدا خۆشیان لە بەغدا و نەینەوا و سەڵاحەدین هەمان کاریان کردووە.
وتیشی: کاندیدکردنی کادیرمان لەڕیزی هاوپەیمانی عەزم بۆ ئەوەیە کە لە ڕێگەی لیستێکی عێراقییەوە کاندیدێک دەربچێنین، نەک وەک ئەوەی بڵاویدەکەنەوە.
لەپارێزگای دیالە، پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی تایبەتی نییە، بەڵکو ژنێکی لەنێو لیستی هاوپەیمانی عەزم کاندید کردووە.
هاوکات یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای دیالە لیستی سەربەخۆی هەیە، بەڵام لە سەڵاحەدین کاندیدێکی هەیە لەسەر لیستی جەماهیر و لە نەینەواش لە هاوپەیمانێتی خەڵکی نەینەوا لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی عێراقی بەشدارە و لە بەغداش لەسەر لیستەکەی سودانی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" کاندیدێکی هەیە.