ڕێکار پیرئۆمەری؛ چیرۆکی ئەو کوڕەی باوکی باوەڕی بە مردنی نەدەکرد
٤ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٦:٤١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەو پیاوەی بڕوای نەدەکرد کوڕەکەی لە ڕووداوەکەی لالەزاردا بووبێتە قوربانی، دواجار بڕوای هێنا کوڕەکەی لە ژیاندا نەماوە و ئەمڕۆ لەسەر تەرمی کوڕەکەی بورایەوە.
عەبدولرەزاق پیرئۆمەری، ئەو پیاوەی "رێکار"ـی کوڕی لەسەرەتای ڕووداوەکەی لالەزارەوە چارەنوسی نادیارە و بڕوا ناهێنێت کوڕەکەی بووبێتە قوربانی، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ و نیو بەسەر مانەوەی تەرمی کوڕەکەیدا لە پزیشکی دادی سلێمانی، بڕوای هێنا بەوەی کوڕەکەی لە ژیاندا نەماوە و واقیعەکەی قەبوڵکرد.
سەرچاوەیەک لە خێزانی عەبدولرەزاق پیرئۆمەری، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: باوکی ڕێکار لەیەکەم هەفتەی ڕووداوەکەی لالەزارەوە پێیوتراوە، ئەو تەرمەی لە پزیشکی دادە تەرمی کوڕەکەیەتی، بەڵام ئەو توشی شۆک بوو پێداگیری دەکرد لەسەر ئەوەی کوڕەکەی لە ژیاندایە و بەدیلی گیراوە.
دەشڵێت: کاک عەبدولرەزاق لە خۆپیشاندانی بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکاندا وێنەی دیلێکی تری بەرز کردووەتەوە، گوایە کوڕەکەیەتی لەکاتێکدا کوڕەکەی نەبوو.
دوێنێ دووشەممە، کاتێک هەواڵی ئەوە بڵاو کرایەوە ئەو تەرمەی بۆ ماوەی ٧٠ ڕۆژە لە پزیشکی دادوەرییە، تەرمی رێکار پیر ئۆمەرییە، پەنجەرە پەیوەندی بە باوکییەوە کرد، بەڵام ئەو ڕژد بوو لەسەر ئەوەی زانیارییەکان نافەرمین.
سەرچاوەکە لە خانەوادەکەی دەڵێت: کاک عەبدولرەزاق ئامادە نەبوو پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ بکرێت و پێداگری دەکرد کوڕەکەی لە ژیاندایە، دواجار کوڕێکی تری برا بۆ پشکنین و دەرکەوت تەرمەکە ڕێکارە.
وتیشی: دواجار ئەمڕۆ کاک عەبدولڕەزاق قەناعەتی کرد تەرمەکە تەرمی ڕێکاری کوڕیەتی.